رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى پێشوازى لە رێککەوتنى نێوان پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) و تورکیا دەکات و رایگەیاند، ئەو رێککەوتنە کۆتایی بە پاساوەکانى بوونى تورکیا لە نێوخاکى عێراق دەهێنێت.
ئەو هەڵوێستەى هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە سەرجەم لایەنە شیعەکانى نێو حکومەت لەخۆ دەگرێت، لە راگەیێنراوێکدا بوو کە ئەمڕۆ سێشەممە 20ى ئایارى 2025 بڵاویکردەوە و ئاماژەى بەوەداوە کە گرنگە ئەو رێککەوتنە رەنگدانەوەى لەسەر ئاسایشى ناوچە سنوورییەکانى نێوان عێراق و تورکیا هەبێت.
رۆژی 27ی شوباتی 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و داوای لە پەکەکە کرد کە چەکەکانیان دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە، لە رۆژانی 5- 7 ئایار لە دوو شوێنی جیاواز پەکەکە 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و راگەیاند، هیچ چالاکییەک بەناویانە ناکرێت و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دێنن و خۆیان هەڵدەوەشێننەوە.
هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەستخۆشى لە میوانداریکردنى لووتکەى کۆمکارى عەرەبی کرد لە بەغدا کە لە 17ى ئایار ئەنجامدرا و ئاماژەى بە گرنگى جێبەجێکردنى بڕیارەکانى ئەو لووتکەیە کرد.
ئەو راگەیێنراوەکەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دواى کۆبوونەوەى ژمارە 228ى هاوپەیمانێتیەکە بوو کە لە نووسینگەى موحسین مەندەلاوى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان ئەنجامدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ