رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کۆتایی دێت کە گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس. بە گوێرەی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، یەکەمجارە لە 20 ساڵى رابردوودا هێندە کەس کارتى بایۆمەترى دەنگدانیان نوێکردبێتەوە.
کاژێر سێى دوا نیوەرۆى ئەمڕۆ هەینى 20ى حوزەیرانى 2025، دەرگاى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دادەخرێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "زیاتر لە دوو ملیۆن کەس کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێناوە کە یەکەمجارە لە دواى ساڵى 2005ـەوە ئەو ژمارەیە تۆمار بکرێت".
دەرگای نوێکردنەوەى تۆماری دەنگدەران لە 25ـی ئادار کرایەوە و 4 جار ماوەکە درێژکرایەوە.
بەگوێرەى ئامارێک کە لە کۆميسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە دەست رووداو کەوتووە، تاوەکو ئەمڕۆ هەینى، دوو ملیۆن و 155 هەزار و 97 کەس تۆمارى دەنگدەرانیان نوێکردوەتەوە، بەو جۆرەش ژمارەی ئەو کەسانەى دەتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بدەن گەیشتووەتە 21 ملیۆن و 400 هەزار و 89 کەس.
عیماد جەمیل رایگەیاند: "لە هەڵبژاردنى ساڵى 2021ـی پەرلەمانى عێراق یەک ملیۆن و 400 هەزار کەس تۆمارى دەنگدانیان نوێکردبووەوە، ئەگەرچى 6 مانگ بەردەوام بوو".
بە گوێرەى ئامارەکە، زۆرترین پارێزگا لەسەر ئاستى عێراق کە تۆمارى دەنگدەران تێیدا نوێ کراوەتەوە بەغدایە کە 475 هەزار و 318 کەس بووە؛ نەینەوا لە ریزبەندى دووەم دێت بە 289 هەزار و 556 کەس.
لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان، زۆرترین نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستانە کە 153 هەزار و 32 کەسن؛ سلێمانى دووەمە و 115 هەزار و 454 تۆمارى دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە؛ لە دهۆکیش 75 هەزار و 781 کەس تۆمارى دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت؛ 29 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان دەبێت، بەڵام ئەوانە دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن کە کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ