سەرۆکایەتیی کۆمار: د. لەتیف رەشید هۆشداری داوەتە سوێد و دەبێت سووتاندنی قورئانی پیرۆز رابگیرێت

20-07-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری عێراق "بە تووندی" سەرکۆنەی رێگەدان بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق لە سوێد دەکات و بە "هەڵسوکەوتێکی نابەرپرسانە" ناوی دەبات. دەشڵێت ئەم رووداوانە دەبنە هۆی ئاڵۆزیی زیاتر و تووڕەیی زیاد دەکەن. 
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تەممووزی 2023، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید، بە تووندی ئەو هەڵسوکەوتە نابەرپرسانە مەحکوم دەکات کە بۆ جارێکی دیکە هەوڵی دوبارەکردنەوەی دەستدرێژکردنە سەر پەرتوکی پیرۆزی خودا و ئاڵای دەوڵەتی عێراق دەدرێت، بە سەرسوڕمانێکی زۆریشەوە لەنەگرتنەبەری هیچ رێکارێکی پێویست لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوێدەوە دەڕوانێت کە پێویستە لەسەر دەوڵەتێک کە رێزدەگرێت لە بیروباوەڕ و پیرۆزییەکان هەڵوێستی هەبێ و ئەمەش دەبێتە هۆکاری بەرەو ئاڵۆزی زیاتری کێشەکە و هەست و سۆز و توڕەیی فراوانتر دەکات، ئەم پێشێلکارییانە دەبێت رابگیرێن و کۆتاییان پێبهێنرێت." 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار، د. عەبدوللـەتیف رەشید "لەرێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە داوا لە سوێد دەکات رێز لە هەستی موسڵمانان بگرێت و رێگری لەم رەفتارە لەڕێلادراوە بکات." 
 
هاوکات، سەرۆککۆمار پشتیوانی لە مافی رادەربڕینی ئاشتییانە دەکات بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەم کردەوانە، "بە لەبەرچاوگرتنی رێزگرتن لە بەرپرسیارێتیی وڵات لە پاراستنی نەریتە دیپلۆماسیەکان و پابەندبوون بە عورف و یاسا نێودەوڵەتییەکان." 
 
ئەوە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی سوێد، رەزامەندییان داوە لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد گردبوونەوەیەک بکرێت، تێیدا قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسووتێندرێن. ئەمەش کاردانەوەی عێراقییەکانی لێکەوتەوە و لە خۆپێشاندانێکدا کە لەلایەن لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رێکخرابوو، هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد و ئاگریان تێبەردا.
 
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا رایگەیاند، "ئەوەی روویداوە بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵکردن نییە و حکومەتیش بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی دەکات."
 
رۆژی 28ی حوزەیرانى رابردوو، سەلوان مۆمیکا، کە پەنابەرێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقییە لە سوێد، لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە و لە کاردانەوەی ئەو کارەی سەلوان مۆمیکا و رێگەپێدانی حکومەتی سوێد بە کارەکە، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد، هەڵسوڕێنەری کاروباری عێراق لە باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد بکشێنێتەوە. هەروەک داوا لە باڵیۆزی سوێد دەکات خاکی عێراق بەجێبهێڵێت."
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بووک و زاوایەک.

هاوژینی و جیابوونەوە لە عێراق کەمیکردووە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، لە تشرینی دووەمی 2025دا هاوژینی و جیابوونەوە بەراورد بە مانگی پێشتر کەمیکردووە. مانگی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار گرێبەستی هاوژینی و 5 هەزار جیابوونەوە تۆمارکراون.