رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق، موقتەدا سەدر لە گوتارێکدا هێرشی تووندی کردە سەر ئەمریکا و بە وڵاتی"تیرۆر و هاوڕەگەزخوازان" وەسفیکرد و دژی حکومەتی سوێد وەستایەوە و پشتیوانی لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا نیشاندا. موقتەدا سەدر بە پێویستی زانی؛ ئێران و سعودیە هەڵوێستی تووندتریان لەبارەی رووداوەکەوە هەبێت و گوتی، "سووتاندنی قورئان رێگر دەبێت لەبەردەم ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل."
رۆژی پێنجشەممە، 20-7-2023، لەبارەی سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز و هەوڵی سووتاندنی بۆ جاری دووەم لەلایەن سەلوان مۆمیکا، ئەو پەنابەرە عێراقییەی بەهۆی هەوڵەکەیەوە باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق سووتێندرا، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لە گوتارێکدا رایگەیاند، "سووتاندنی قورئان و ئاڵای عێراق لە مانگی موحەڕەم، وادەکات بابەتەکە گشتگیر و گەورەتر بێت و سەرجەم مەزهەبەکانی ئیسلامی بگرێتەوە، من لێرەوە داوا لە سەرجەم مەزهەبەکانی ئیسلامی دەکەم یەکڕیز بن لەپێناو سەرخستنی ئایین و مەزهەب، خاڵێکی دیکەی گرنگ گوێم لە سەرکۆنەی ئەمریکا بوو لە دژی سووتاندن و چوونە نێو باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدای خۆشەویست، دەڵێم دەوڵەتی تیرۆر و هاوڕەگەزخوازان مافی ئەوە نییە ئەو کارە میللیە خۆڕسکانەیە سەرکۆنە بکات، دەبوو لەپێشترێتی بۆ ئەو ئەوە بووبا سەرکۆنەی سووتاندنی قورئان و دەستدرێژیکردنە سەر ئایین و مەزهەبەکان و وروژاندنی تووندوتیژی بکات لە سوێد."
موقتەدا سەدر دەڵێت، "پاشان دەگوترێت لە باڵیۆزخانەی سوێد دەستدرێژی کراوەتە سەر هێزە ئەمنیەکان، دەڵێم نەخێر و هەزار جار نەخێر هیچ دەستدرێژییەک رووینەداوە، ئەوانە هێزی ئەمنی نین بەرگریی لە باڵیۆزخانەی سووتێنەرانی قورئان و هاوڕەخەزخوازان دەکەن، گەل لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانە و هێزە ئەمنییەکانیش لەگەڵ گەلن."
سەدر باسی وێنەکانی خۆشی دەکات و دەڵێت، "من لەدوای سووتاندنی قورئان بۆ جاری دووەم و ئاڵای عێراق، نەمویستووە دۆخەکە گرژتربێت، بۆچی؟ چونکە وێنەی منیشی تێدایە کە ئەو زۆڵە بەرزیکردبووەوە، بۆیە نامەوێت کاردانەکەوەکە کەسی بێت، گرژکردنەوە بۆ کاتێکی دیکە دەبێت، ئەگەر دووبارەببێتەوە."
موقتەدا سەدر داوای بەرگریکردن لە قورئانی پیرۆز لە ژمارەیەک رێکخراو و وڵات دەکات و بەتایبەت ناوی ئێران و سعودیە دەهێنێت و دەڵێت، "داوا لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی دەکەم لەپێناو قورئان و سەرخستنی ئیسلام دەستبەجێ کۆببێتەوە، هەروەها داوا لە کۆمکاری عەرەبی دەکەم لەبارەی ئەو بابەتەوە لە عێراق یان لە دەرەوەی عێراق کۆببێتەوە لە پێناو سەرخستنی ئیسلام، ئومێد دەکەن شانشینی عەرەبیی سعودی و کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆزێک هەڵوێستیان تووندتر و بەهێزتربێت لەوەی هەیە."
رێبەری رەوتی سەدر هەروەها دەشڵێت، "داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەم یاسایەک پەسەند بکەن سووتاندنی قورئان بە تاوان بناسێنن و بەتاوانێکی تیرۆریستیی هەژماری بکەن، وەکو چۆن دەستدرێژیکردنە سەر سامییەت و کۆمەڵگەی هاوڕەخەزخوازن تاوانە، پێویستە سووتاندنی قورئانیش تاوان بێت، ئەگەر نا ئەوە دووفاقییە لە پێوەرەکانی دیموکراسی و ئازادی."
سەدر وای بۆ دەچێت ئەو کارەی سەلوان مۆمیکا رێگری دەکات لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و دەڵێت، "سووتاندنی قورئان کێشە و ناکۆکییەکانی جیهان زیاد دەکات و ئاسایشی جیهان دەشڵەژێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێتە رێگرییەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، چونکە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی تووڕەن لە ئیسرائیل و لە ئێستا بەدواوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی ناکەنەوە."
پێشیوایە هێشتا هەڵوێستی گەلانی ئیسلامی وەکو پێویست نییە، "سستییەک لای گەلانی ئیسلامی بۆ سەرخستنی ئیسلام و قورئان هەیە، داوای هەڵوێستی جیدی و راستەقینەیان لێدەکەم بۆ سەرخستنی ئیسلام."
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، باسی هەڵوێستەکەی سەلوان مۆمیکا دەکات و پێیوایە نوێنەرایەتی کریستیانەکان ناکات و دەڵێت، "بابەتێکی گرنگ هەیە؛ سووکایەتیکردن بە قورئان لە سوێد روویداوە و ئەوە بەڵگە نییە لەسەر ئەوەی گەلی سوێدی لەگەڵ سووتاندنی قورئان و سووتاندنی ئاڵای عێراقن، ئێمە دژی حکومەتی سوێدین نەک گەلی سوێدی، ئێمە و گەلی سوێدی پەیوەندیی باش کۆماندەکاتەوە پشتیوان بەخوا، هەروەها سووتاندنی قورئان لەلایەن کەسێکی کریستیانەوە بوو، ئەوە واتای ئەوە نییە نوێنەرایەتی کریستیانەکان دەکات، کریستیانەکان برای ئێمەن لە ئایین و لە هەموو جیهاندا نەوەک بەتەنیا لە عێراق، پێویستە لەسەر حکومەت پارێزگاریی لە کریستیانەکانی نێو عێراق بکات."
هەروەها رووی دەمی دەکاتە گەلانی ئەورووپا و پێیان دەڵێت، "لە وڵاتانی ئەوروپایی بەتایبەت سوێد، هیچ وەڵامدانەوەیەکی گەلانمان نەبینی، بۆیە داوایان لێدەکەم لەم مانگە سرووتەکانی حوسێنی لەسەرجەم ئەوروپا و بەتایبەت لە سوێد بکەن لەپێناو سەرخستنی و ئیسلام و قورئان و مەزهەب."
سەلوان مۆمیکا، پەنابەری عێراقی لە سوێد لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم هەوڵی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر و عەلی خامنەیی دا، دوای سووکایەتیکردن بە بەشێک لەوانە، نەیسووتاندن و بەردەم باڵیۆزخانەی جێهێشت.
حوزەیرانى رابردوو، سەلوان مۆمیکا، کە پەنابەرێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقییە لە سوێد، لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
بەرەبەیانی ئەمرۆ پێش کارەکەی سەلوان مۆمیکا، سەدان خۆپێشاندەری نزیک لە رەوتی سەدری چوونە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و سووتاندیان، دواتر حکومەتی عێراق داوای لە باڵیۆزی ئەو وڵاتەکرد عێراق جێبهێڵێت و هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە سوێد کشاندەوە، رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تەممووزی 2023، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا، نیگەرانی وڵاتەکەی لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا لەلایەن خۆپێشاندەرە عێراقییەکان دەربڕی و هێزە عێراقییەکانی بەوە تۆمەتبارکرد کە هیچ هەوڵێکیان نەداوە رێگە لە خۆپێشاندەران بگرن و گوتی: "ئازادی گردبوونەوەی ئاشتییانە هێمایەکی تایبەتە بە دیموکراسی، بەڵام ئەوەی شەوی رابردوو روویدا کردەیەکی پێشێلکارانە بوو؛ جێگەی قبووڵ نییە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق رێگەیان لە خۆپێشاندەران نەگرتووە لەوەی بۆ دووەم جار بچنە نێو باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سوێد و زیانی پێبگەیێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ