قوربانییەکی کیمیابارانی هەڵەبجە: بە سوودانیم گوت وەکو ئیمامی حوسێن ستەملێکراوین

20-08-2023
هێمن بابان رەحیم
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاهۆ حوسێن، قوربانیی چەکی کیمیایی هەڵەبجە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاهۆ حوسێن، قوربانیی چەکی کیمیایی هەڵەبجە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

قوربانییەکی کیمیابارانی هەڵەبجە، دوای ئەوەی بە ماوەی 11 رۆژ لە هەڵەبجەوە گەیشتە بەغدا، ئەمڕۆ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و سێ داواکاریی خستە بەردەم سوودانی کە یەکێکیان بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەیە. شاهۆ حوسێن، لەبارەی داواکارییەکانییەوە دەڵێت، "سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی جێبەجێکردنی هەرسێ داواکارییەکەی پێدام."
 
رۆژی یەکشەممە، 20-8-2023، شاهۆ حوسێن قادر، قوربانییەکی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە، لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "من بۆ سێ داواکاری چوومە لای محەممەد شیاع سوودانی، یەکەمیان بریتییە لە پێدانی مافی برینداران و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە و بالیسان و ناوچەکانی دیکەش کە دۆخیان لەرووی تەندروستی و داراییەوە خراپە و داوامکرد چارەسەربکرێن و خزمەتبکرێن. داواکاریی دووەم، پەلەکردن لە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە. سێیەمیش، بەفەرمی کردنەوە و ناساندنی دەرەوازەی سنووریی سازانە لە هەڵەبجە."
 
گوتیشی، "بە سوودانیم گوت، دۆسیەی بریندارانی کیمیاباران، هێندەی دۆسیەی کوشتنی ئیمامی حوسێن گرنگە و لە ستەملێکراویدا وەکو یەکن، دەبێت مافی برینداران کە زۆر لە نەهامەتیدان دەستەبەربکرێت. سوودانی پێیگوتم، دەرگای نەخۆشخانەکان لە بەغدا بۆ چارەسەر و ناردنە دەرەوەیان و شایستەکانیان کراوەیە، ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییەک."
 
هەروەها لەبارەی بابەتی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەوە گوتی، بە سوودانیی گوتووە ئەو بابەتە مەبەستنەوە بە مەرجی بەپارێزگاکردنی قەزای تەلەعفەر و شوێنی دیکە. دەشڵێت: "سوودانی گوتی بەڵێن بێت پەلەی تێدا دەکەین و کاری لەسەر دەکەن."
 
شاهۆ حسێن قادر، بەهۆی ئاوارەبوونی خانەوادەکەیەوە، لە ساڵی 1974 لە ئۆردوگای سەریاسی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لەساڵی 2002ـەوە لە بەریتانیا دەژی و خاوەنی وڵاتینامەی ئەو وڵاتەیە.
 
شاهۆ کە لە رۆژی 16ـی ئاداری 1988 لە یەکەم رۆژی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسەوە بە بۆمب برینداربوو و قاچەکانی لەدەستداوە، رۆژی 17ـی مانگی رابردوو دوای گەڕانەوەی لە بەریتانیا، لە شاری هەڵەبجەوە بە عەرەبانەکەیەوە بۆ بەغدا بەڕێکەوت بۆ گەیاندنی داواکارییەکانی کە بەلای ئەوەوە داواکاریی برینداران و قوربانییانی کیمیابارانکردنی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و لەسەروویانەوە هەڵەبجە بووە، ئەو دوای 11 رۆژ و لە رۆژی 27ـی تەممووز گەیشتە شاری بەغدا.
 
شاهۆ سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ بەغدا بە رووداوی گوت، "من سەردانی ژمارەیەک فراکسیۆنم کرد و لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی حیزبەکانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق قسەمکرد، تا دواجار پەرلەمانتارانی نەوەی نوێوە بردمیان بۆ لای سەرۆکوەزیرانی عێراق."
 
گوتیشی، "من کەسێکی نزیکی خۆمم لەگەڵ بوو، بەڵام دواتر بەهۆی کارەکانییەوە ئەوم رەوانە کردەوە و لە هۆتێلیش بەهۆی ئەوەی نیڤشکانم وەریاننەگرتم و لە شوقەکەی ئاریان تاوگۆزی، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ مامەوە و زۆر هاوکاریکردم."
 
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی 20ـی ئابی 2023، لەبارەی پێشوازیکردن لە شاهۆ حوسێن، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ئەو لەپێناو گەیاندنی ئازار و مەینەتیی دانیشتووانی شاری هەڵەبجە لەسەر کورسییەکەیەوە گەیشتە بەغدا."
 
هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، سوودانی پێی راگەیاندووە شانازی و رێزی بۆ هەڵەبجە هەیە کە دانیشتووانەکەی قوربانییەکی زۆریان داوە. ئەوەشی ئاشکراکردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە بە هەموو جۆرە هاوکارییکردن و پشتیوانییەک بۆ خەڵکی هەڵەبجە و ناردنی شاندێکی پزیشکی بۆ پشکنینی ئەو کەسانەی گومانیان هەیە شێرپەنجەیان هەبێت یان تووشبوون و دابینکردنی دەرمانی تایبەت بە تووشبووانی شێرپەنجە.
 
‌هەڵەبجە لە ئاداری 1988 لەلایەن حکومەتی ئەو کاتی عێراقەوە بە چەکی کیمیایی بۆردوومانکرا، بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار کەس شەهید بوون و هەزارانی دیکە بریندار بوون.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ژمارە 54ـی خۆی لە 31-12-2013 بڕیاری ژمارە 568ـی تایبەت بە دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجەی دەرکرد.
 
رۆژی 14-1-2014، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرد.
 
نوخشە ناسیح، قایمقامی قەزای هەڵەبجە، رۆژی 16-3-2023، لەبارەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەداخەوە ئێستا 64 بەرکەوتوومان هەیە، دەبێت چاوەڕوان بن کەی ئەم بودجەیە دەگات، ئەم بابەتانە پێویستی بە بودجەی خێرایە، ئەمانە کێشەی ئانین و پەیوەستە بە ژیان و تەندروستیی تاکەوە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر ئاوڕ لە  کەسوکاری شەهیدان، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و کەیسی منداڵە ونبووەکان بداتەوە."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."