رووداو دیجیتاڵ
لە دوێنێوە حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەبەر گیرخواردنی ژمارەیەک عومرەکاری کورد لە سعودیە، راگرتنی گەشتەکانی عومرەی راگەیاند و هێڵی ئاسمانیی عێراقیشی بە هۆکاری گیرخواردنی عومرەکاران تۆمەتبار کرد. دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقیش دەڵێت، بەهۆی چلەی ئیمام حوسێن گەشتەکان راگیرابوون و ئەمڕۆ دەستپێدەکەنەوە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، بە بەکارهێنانی چوار جۆر فڕۆکەی جیاواز گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە، چونکە ژمارەی عومرەکاران روو لە هەڵکشانە. دەشڵێت، پلانی کارکردنیان زیادکردنی پلە بە پلەی ژمارەی گەشتەکانی عومرەیە، لەگەڵ دڵنیابوون لە لایەنی خزمەتگوزاری و ئاسانکاری بۆ عومرەکاران.
بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک نزیکەی دوو هەزار هاونیشتمانی، کە بە فڕۆکە گەشتی سعودیەیان کردبوو، بەهۆی نەبوونی فڕۆکەوە نەیانتوانی بگەڕێنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانیش رۆژی سێشەممە، راگرتنی گەشتەکانی عومرەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، "تاوەکو ئەو عومرەکارانە نەگەڕێنەوە، گەشتەکان دەستپێناکەنەوە."
لەو بارەیەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، وەلید دلفی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "بەهۆی رێوڕەسمەکانی زیارەتی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، گەشتەکانی عومرە بۆ ماوەی هەفتەیەک راگیرابوو، چونکە پاڵەپەستۆی زۆر لەسەر هێڵەکەمان هەبوو."
هاوکات، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "گەشتی وشکانیمان بەردەوامە، بەڵام تاوەکو هاونیشتمانییەکانمان هەموویان نەگەڕێندرێنەوە گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێناکەینەوە."
ستوونی دووپاتی کردەوە، "دەبێت بریکارەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی گەرەنتی ئەوەش بکەن کە کاتێک عومرەکار دەبەن، بیانگەڕێننەوە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ئەمڕۆوە گەشتەکان لە هەموو فڕۆکەخانەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەستپێدەکەنەوە و، دڵنیاییش دەدەین کە سەرجەم عومرەکاران دەگەڕێنینەوە."
لەبارەی هۆکاری گیرخواردنی ئەو عومرەکارانە لە سعودیە، حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "پاساوی جیا هەن، گهشتهكانی عومره به هێڵی فڕۆكهوانی عێراقی کەموکورتی و ناڕێكیان تێكهوتووه. بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ چارهكردنی گرفتەکان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ