ئەندامێکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق: زیاتر لە 150 پرۆژەیاسا دەکەونە خولی داهاتوو

20-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ناکۆکیی سیاسی" بووەتە هۆی پەککەوتنی پەسندکردنی چەندین یاسای گرنگ، کە بە گوتەی ئەو راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەیە.
 
محەممەد عەنوز، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ناکۆکیی سیاسی رێگر بووە لە پەسندکردنی چەندین یاسا کە دەبوو یەکلایی بکرێنەوە، وەکو یاسای نەوت و گاز، یاسای دادگای فیدراڵی، یاسای ئازادیی رادەربڕین و مافی بەدەستهێنانی زانیاری، جگە لە مافەکانی خانەنشینان و خشتەی مووچە و چەندین یاسای دیکەی پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتییانەوە."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە زیاتر لە 150 پرۆژەیاسا لەم خولەدا پەسند ناکرێن و دەکەونە خولی داهاتووی پەرلەمان.
 
لە دوو ساڵی رابردوودا ململانێی حیزبەکان لەسەر چەند پرۆژەیاسایەک، وەک یاسای لێبووردنی گشتی، یاسای حەشدی شەعبی و یاسای گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵکی داگیرکراو، بوونەتە هۆی پەکخستنی چەندین دانیشتنی پەرلەمان.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێ کە 320یان گشتی و 9ـەکەی دیکە کۆتان؛ زیاتر لە 7900 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردن بەربژێر کردووە.
 
پێشتر مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی پەکخستنی دانیشتنەکان و دواخستنی یاساکانی خستبووە ئەستۆی فراکسیۆنە سیاسییەکان. مەشهەدانی رایگەیاندبوو، تەواونەبوونی رێژەی یاسایی نەک تەنیا کاریگەریی لەسەر کاری یاسادانان هەیە، بەڵکو رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر بەرژەوەندییەکانی خەڵکیش دەبێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە