رووداو دیجیتاڵ
لەسەر درۆنێک گرژی لە نێوان دەزگای دژەتیرۆری عێراق و هێزێکی سەر بە حەشدی شەعبی دروست دەبێت. دەزگای دژەتیرۆر دەڵێت، درۆنی ئەوان بووە و هیچ هێزێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییان لەگەڵ نەبووە. بەرپرسێکی حەشدی شەعبیش بە رووداوی گوت، "کاروانێکی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و دەزگای دژەتیرۆری عێراق" ویستیان بچنە نێو بارەگای لیوای 12 و رێگرییان لێکراوە.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە، 20ی ئەیلوولی 2025 رایگەیاند، هێزەکانیان بە یاوەریی هێزێکی سوپای عێراق کاژێر 06:00ی بەیانیی رۆژی 15-9-2025، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ ئەگەری بوونی پاشماوەی چەکدارانی داعش لە سنووری قەزای تارمیەی باکووری بەغدا کردووە و ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتبەستن بە "چەند زانیارییەکی ورد" بووە، کە ئاماژەیان بە جووڵەی چەکدارانی داعش لەو ناوچەیە کردووە.
دەزگاکە دەڵێت، "لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەدا، یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەکارکەوت و پێویست بوو بیگەڕێنینەوە، بەڵام ئەو هێزەی کە زەوییەکەی بەدەستەوە بوو، رەتیکردەوە یەکەکانمان بچنە نێو ناوچەکەیان."
لیوای 12ی حەشدی شەعبی لە ئەندامانی بزووتنەوەی نوجەبا پێکدێت، بزووتنەوەکە گرووپێکی چەکداریی شیعە مەزهەبن، لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتەوە لیستی تیرۆر، ئەکرەم کەعبی سەرۆکایەتی دەکات.
مەهدی کەعبی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا (کە بەشێکن لە دەستەی حەشدی شەعبی)، لەبارەی رووداوەکەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "رووداوەکە پەیوەندی بە لیوای 12ی حەشدی شەعبییەوە هەیە، کاروانێکی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و دەزگای دژەتیرۆری عێراق ویستیان بچنە نێو بارەگای لیواکە، بەڵام رێگرییان لێکرا."
لەکاتێکدا دەزگای دژەتیرۆر ئاماژە بەوە دەکات، ئەرکەکەیان بە شێوەیەکی "سەربەخۆ" کردووە و، "هیچ هێزێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەگەڵمان نەبوو."
مەهدی کەعبی گوتی، "ناوچەکە لەژێر دەسەڵاتی دەستەی حەشدی شەعبیدایە، بەڵام ئەو هێزەی هاتبوون تەنیا عێراقی نەبوون، لەکاتێکدا پێویستە هاوئاهەنگی لەنێوان هێزە عێراقییەکاندا هەبێت لە کاتی جووڵەکردن لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، بۆ ئەوەی هیچ بۆشاییەکی ئەمنی دروست نەبێت."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو درۆنەی لە بارەگای لیوای 12ـی حەشدی شەعبی کەوتووەتە خوارەوە "ئەمریکی" بووە، "دواتر هێزێکی دەزگای دژەتیرۆر چوون بۆ وەرگرتنەوەی درۆنەکە، بەڵام داوایان لێکرا بکشێنەوە، چونکە هێزی ئەمریکییان لەگەڵدا بوو."
دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "یەکە تایبەتمەندەکانمان ئەو ئەرکەیان تەواو کرد کە پێیان سپێردرابوو و گەڕانەوە بنکەکانیان بەبێ هیچ پێکدادان و ئاستەنگێکی مەیدانی."
بزووتنەوەی نوجەبا، ساڵی 2013 لە بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق جیابووەوە. لە نێوان 8 بۆ 10 هەزار چەکداری هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ