رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ نزیکەی 2,000 عێراقی گەیشتنە دەروازەی ترێبیل لەسەر سنووری نێوان عێراق و ئوردن بۆ مانگرتن لەسەر سنوور، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ داواکارییەکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، کە دوێنێ داوای مانگرتنی سەرتاسەریی گەلانی عەرەبی و ئیسلامیی لەسەر سنووری فەلەستین کرد.
رۆژی هەینی، 20-10-2023، شێخ عەبدولئەمیر گەیلانی، سەرۆکی دەزگای برایەتی و خۆشەویستی، یەکێک لەو دەزگایانەی سەرپەرشتی بردنی گەنجان بۆ سەر سنووری نێوان عێراق و ئوردن دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە بەیانییەوە بەڕێگاوەین و کەمێک لەمەوبەر واتە پێش کاژێر 10:00ـی بەیانی گەیشتینە دەروازەی ترێبیلی نێوان عێراق و ئوردن، ژمارەمان نزیکەی دوو هەزار کەس دەبێت."
سەبارەت بە هۆکاری رۆیشتن و مانەوەیان لەسەر سنوور، روونیکردەوە: "ئێمە هاوکاریمان لەگەڵ خۆمان هێناوە، دەمانەوێت هاوکارییەکان بگەیێنین و لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ مانگرتنی گشتی لەسەر سنوور دەمێنینەوە، وەکو پشتیوانییەک بۆ فەلەستین و گەلی فەلەستین کە بەدەست داگیرکاریی ئیسرائیلەوە دەناڵێنێت و لە سادەترین خزمەتگوزاریی سەرەتایی بێبەشکراوە."
شەوی رابردوو لە بەغدا ژمارەیەک پاس ئامادەکران بۆ گواستنەوەی گەنجان بۆ سەر سنووری نێوان عێراق و ئوردن. چەند رێکخراوێکی نزیک لە گرووپە چەکدارییەکان کە خۆیان بەناوی"مقاوەمە" دەناسێنن، سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکەن، لەوانە گردبوونەوەی گەنجانی شەریعەت، جوڵانەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕی قودس.
شەوی پێنجشەممە، 19-10-2023، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا، لەبارەی رەوشی غەززەی فەلەستین قسەیکرد و جەختی لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و لابردنی گەمارۆی سەر غەززە کردەوە، سەدر داوای لە گەلانی عەرەبی و موسوڵمان کرد گردبوونەوەیەکی ئاشتییانە لەسەر سنووری فەلەستین بکەن، ئەو گوتی: "گردبوونەوەیەک بێت میللی و ئاشتییانە بۆ رۆیشتن لەپێناو مانگرتنێکی ئاشتییانە لە سنووری فەلەستین لەگەڵ میسر، سووریا، لوبنان و تەنانەت ئوردنیش، بەبێ هیچ چەکێک، بەبێ هیچ چەکێک، تەنیا کفنەکان نەبێت، مانەوە تاوەکو لابردنی گەمارۆ و گەیاندنی ئەوەی پێویستە بە خەڵکانمان لە غەززە باکوور و باشووری، گەیاندنی یارمەتییە خۆراکی و پزیشکییەکان و ئاو."
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "شمشێرە ئاسنینەکان"ی راگەیاند
ئێوارەی پێنجشەممە، 19-10-2023، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بڵاوی کردەوە، تائێستا سێ هەزار و 785 کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 هەزار و 493 کەسیش بریندار بوون. هەروەها ئیسرائیل دەڵێت لەو شەڕەدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراون و نزیکەی 4000یش بریندارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ