دادگەى فیدراڵى سکاڵایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەى "کارتى زانیارى" رەتدەکاتەوە

21-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتال 

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، سکاڵایەکى رەتکردەوە کە لە دژى کارتى زانیارى تۆمارکراوە. سکاڵاکار داواى کردبوو دەرهێنانى ئەو کارتە هەڵبوەشێندرێتەوە بەهۆى ئەوەى کارتى نیشتمانى جێگەى هەموو بەڵگەنامەکان دەگرێتەوە.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لە 8ـی کانوونى دووەمى 2024، دانیشتنێکى لەبارەى سکاڵایەکەوە کردووە کە لە دژى کارتى نیشتەجێبوون یان کارتى زانیارى پێشکێش کرابوو، لەو دانیشتنەدا دادگە سکاڵاکەى رەتکردەوە بە پاساوى ئەوەى لە تایبەتمەندى ئەو دادگەیە نییە.
 
سکاڵاکە لەلایەن عەلى کازم عزى، لە دژى وەزیرى ناوخۆى عێراق تۆمارکرابوو، تێیدا داوا دەکات دەرهێنانى کارتى نیشەجێبوون هەڵبوەشێندرێتەوە بەهۆى ئەوەى کە کارتى نیشتیمانى دەردەکرێت.
 
کارتى نیشتەجێبوون یان کارتى زانیارى، بەڵگەنامەیەکى تایبەتە بە زانیارى شوێنى نیشتەجێبوونى خێزان بەگوێرەى پارێزگاکان، کە بە ناوى بەخێوکارى خێزانەکەوە دەبێت.
 
دەرکردنى کارتى نیشتیمانى بەگوێرەى یاساى ژمارە سێى ساڵى 2016، دەبێت کە تێیدا سەرجەم بەڵگەنامە فەرمییەکانى هاووڵاتییانى تێدایە لەوانە رەگەزنامە، ناسنامەى بارى کەسێتى و کارتى نیشتەجێبوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە