کۆمیسیۆن هاوپەیمانێتییەکەى سوودانى پەسند کرد

21-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتیاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە فەرمى ئەو هاوپەیمانیێتییەی پەسند کرد، کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پێکى هێناوە. 
 
هاوپەیمانیێتییەکەی سوودانی ناوی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان"ـە، لە 20ـی ئایارى 2025 لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە پەسندکراوە. 
 
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە (تۆڕى میدیایی رووداو)ـی راگەیاند، بەگوێرەى یاساى پارتە سیاسییەکانى ساڵى 2015، هاوپەیمانیێتى لە دوو حیزب و زیاتر پێکدەهێنرێت.
 
هاوپەیمانێتیی"ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان"، 20ـی ئایار راگەیێندراوى پێکهێنانى بڵاوکردەوە کە پێکهاتوون لە رەوتی فوراتەین بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی؛ هاوپەیمانیی عەقدی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی فالح فەییاز، هاوپەیمانیی نیشتمانیی وەتەنییە بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی؛ گردبوونەوەی وڵاتی سۆمەر بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەسەدی، هاوپەیمانیی داهێنانی کەربەلا بە سەرۆکایەتیی نسەیف خەتابی، گردبوونەوەی نەوەکان بە سەرۆکایەتیی محەممەد سەیهود و هاوپەیمانیی چارەسەری نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی محەممەد ساحب دەراجی.
 
جومانە غەلاى گوتى: "تاوەکو 21ـی ئایار لە 66 هاوپەیمانێتى پێشوو 18یان ویستیان بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پێشانداوە، هەشت هاوپەیمانێتى لە قۆناخى پێکهێناندان و دووانى دیکە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمسیارانەوە پەسند کراون."
 
یەک رۆژ لەبەردەم لایەنە سیاسییەکان ماوە بۆ تۆمارکردن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، کە بڕیارە لە 11ـی تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بکرێت. 
 
بەگوێرەى ئامارێک کە تۆڕى میدیایی رووداو دەستى کەوتووە، تاوەکو 21ـی ئایار لە  339 پارتى تۆمارکراو و 114یان لەگەڵ 13 لیستى سەربەخۆ ویستیان بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێشانداوە.  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە