رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق هەردوو سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستانى رەتکردەوە، کە بە گوتەى یەکێک لە سکاڵاکاران پاساوى رەتکردنەوەکە ئەوە بووە، لە تایبەتمەندیى ئەو دادگەیە نییە.
ئەمڕۆ دووشەممە 21ى تەممووزى 2025 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بۆ تاوتوێکردنى ئەو دوو سکاڵایە کۆبووەوە و بڕیاری دا.
سکاڵایەکیان لەلایەن عومەر گوڵپى، بەربژێرى دەرچووی پەرلەمانى کوردستان لە کۆمەڵى دادگەری تۆمار کرابوو و تێیدا داواى بەپووچەڵ زانینى یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستانى کردبوو، ئەوەش بەوپێیەى سەرۆکى کاتیى پەرلەمان بەگوێرەى پەیڕەوى نێوخۆ ئەرکەکەى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان تەواونەکردووە.
سکاڵاکەى دیکە لەلایەن سروە عەبدولواحید، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ؛ کاوە عەبدولقادر، کوردەوان جەمال، ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان لە هەمان فراکسیۆن پێشکێش کرابوو بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانی کوردستان.
دووشەممە 21ى تەممووزى 2025 عومەر گوڵپى بە رووداوى گوت، "هەردوو سکاڵاکە لەلایەن دادگەوە رەتکرانەوە بە پاساوى ئەوەى ئەو پرسە لە تایبەتمەندیى دادگەى باڵاى فیدراڵى نییە."
یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستان لە 2ى کانوونى یەکەمى 2024 کرا. بەگوێرەى بڕگەى 4ى مادەى 10ى یاسای سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، ئەگەر لە 45 رۆژ لە بانگهێشتکردنى بۆ کۆبوونەوەى خولى نوێى پەرلەمان، رێژەى یاسایى ئامادەبوونى کۆبوونەوەکە بەدی نەهات، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە.
20ی تشرینى یەکەمى 2024 هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەچوو، 30ى هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ