بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی عێراق 200 هەزار بەرمیل زیاد دەکات

21-09-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی عێراق 200 هەزار بەرمیل زیاد دەکات ئەمەش دەبێتە هۆی زیاترکردنی بڕى هەناردە. ئەو زیادبوونە دوای کۆتاییهاتنی کەمکردنەوەی خۆویستانەی بەرهەمهێنانى نەوتە کە پێشتر لەگەڵ رێکخراوی ئۆپێک پڵەس لەبارەیەوە رێککەوتبوون.
 
زیادکردنی ئەو بەرهەمهێنانە لەلایەن عەلی شەتڕی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) راگەیێندرا.
 
عەلی شەتڕى بە میدیای فەرمیی عێراقی گوتووە: "بڕی زیادبوونی بەرهەمهێنان بە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا خەمڵێنراوە، واتە نزیکەی شەش ملیۆن بەرمیل لە مانگێکدا، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە بەدەستهێنانی داهاتێکی زیادە کە ساڵانە بە سەدان ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە، نرخی ئێستای بەرمیلێک نەوتی عێراق لە نێوان 65 بۆ 68 دۆلارە."
 
عێراق مانگانە لەنێوان 3.3 بۆ 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لەکاتێکدا بەگوێرەی یاسای بودجە، دەبێت رۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو خەرجییانەی کە لەو بودجەیەدا هاتووە.
 
د. نەبیل مەرسوومی، پسپۆڕی ئابووریی عێراق بە رووداوی راگەیاند: باشترین رێگە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، هەرێمی کوردستانە، هەرچەندە تێچووی بەراورد بە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوور زیاترە و لەو بارەدا دەبێت بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی باشوور کەم بکرێتەوە".
 
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، هەرێمی کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات بە مەبەستی هەناردەکردنی لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
 
بڕیارە بەم نزیکانە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی کوردستان رێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت واژۆ بکەن کە لە ساڵی 2023ەوە راگیراوە.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە