رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە بەربژێرانی کۆتای کریستیانی سەرکەوتوو دەڵێت، فراکسیۆنێک لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری دیکەی کریستیان لە پەرلەمانی عێراق پێکدەهێنن و داوای دوو پۆست دەکەن.
کلدۆ رەمزی، بەربژێری سەرکەوتووی کۆتای کریستیانی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ دوو کۆتای دیکەی کریستیان لە دهۆک و کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق فراکسیۆنێک دروست دەکەین، بەڵام جارێ ناوی فراکسیۆنەکە دیاری نەکراوە. ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە کاری هاوبەش بکەین."
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کلدۆ رەمزی لە بازنەی هەولێر، سامی ئۆشانە لە بازنەی دهۆک، عیماد یوخەنا لە بازنەی کەرکووک، ئیڤان فایەق لە بازنەی بەغدا و ئەسوان کلدانی لە بازنەی نەینەوا، پێنج کورسیەکەى کۆتای کریستیانیان لە پەرلەمانی عێراق مسۆگەرکرد.
کلدۆ رەمزی رایگەیاند، "فراکسیۆنەکەمان وەک گەورەترین پەرلەمانتاری کریستیان داوای پشکی ئەو وەزارەتە دەکات کە لە حکومەتی داهاتووی عێراق بۆ کریستیانەکان دیاری کراوە کە پێویستە وەزارەتێکی خزمەتگوزاری بێت بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە خزمەتی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت."
دوو کۆتاکەی دیکەى کریستیان لە نەینەوا و بەغدا سەر بە بزووتنەوەی بابلیۆنن کە پێکهێنەرێکى حەشدی شەعبییە.
کلدۆ رەمزی رایگەیاند، وەک پشکی کریستیانەکان لەنێو پەرلەمان داوای یەکێک لە بڕیاردەرەکانی دەکەن.
پەرلەمانی عێراق دوو بڕیاردەری هەیە، وەک نەریتێکی سیاسی بۆ هەموو خولێک یەکێکیان بۆ کریستیان و ئەوی دیکەشیان بۆ تورکمانەکان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ