رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، هەشت گۆڕانکارى لە بەربژێرە سەرکەوتووەکان کراوە، چوار گۆڕانکارییان لە بەرژەوەندى بەربژێرى ژن بوون، کە سێیان چوونە شوێنى سێ بەربژێرى پیاو، چوارەمیان جێگەى بە بەربژێرێکى دیکەى ژن چۆڵ کرد.
رۆژی یەکشەممە، 21ـی کانوونى دووەمى 2024، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد، بەو هەنگاوە کارى کۆمیسیۆن لەبارەى ئەو هەڵبژاردنەوە کۆتاییهات.
پەسەندکردنى ئەو ئەنجامانە لەدواى ئەوە بوو کە دەستەى دادوەرى کۆمیسیۆن، تاوتوێى 388 تانەى کرد کە لەو ئەنجامانە درابوون، هەشت تانەیان بوونە هۆى گۆڕانکاریى لە بەربژێرە سەرکەوتووەکانى ئەو هەڵبژاردنە.
لە سنوورى پارێزگاى دیوانیە، رەغد عارزی، بەربژێرى لیستى ئەبشیر یا عێراق، کە 1365 دەنگى بەدەستهێنابوو، جێگەى سەلیم شبلى، بەربژێرى هەمان لیستى گرتووەتەوە، کە لە ئەنجامى کۆتایی دەنگدان بەر لە تانەکان، بە ئەندامى دەرچووى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دیاریکرابوو، کە 2305 دەنگى بەدەستهێنابوو.

هەر لە پارێزگاى دیوانیە، سەباح زیادى، بەربژێرى هاوپەیمانیى قیوەى دەولەى وەتەنى، بە 2673 دەنگ جێگەى عەزرا جەمالى، بەربژێرى هەمان لیستى گرتووەتەوە، کە 12714 دەنگى بەدەستهێنابوو، وەک براوەى ئەنجامى کۆتایی دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دیاریکرابوو، بەر لەوەى تانە لە ئەنجامەکان بدرێت.
لە سنوورى پارێزگاى بەغدا، یوسرا مەسعودى، بەربژێرى هاوپەیمانیى نەبنى کە 1782 دەنگى بەدەستهێناوە، وەک کۆتاى ژن جێگەى ئەسما سامەرائی، بەربژێرى هەمان هاوپەیمانى گرتووەتەوە کە 1652 دەنگى بەدەستهێناوە، لەگەڵ ئەوەى بە گوێرەى ئەنجامى کۆتایی بەر لە تانەدان، 1833 دەنگى بۆ هەژمارکرابوو.

عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو گۆڕانکارییانەى کە لە کورسی هەندێک لە پارێزگاکاندا کراون، لەسەر بنەماى رێنمایی ژمارە پێنجى کۆمیسیۆن بووە بۆ دابەشکردنى کورسی کۆتاى ژن.
لە پارێزگاى دیالە دوو گۆڕانکارى لە کورسیی لایەنەکان بەهۆى تانەکانەوە روویداوە، سالم تەمیمى، بەربژێرى هاوپەیمانیى دیالە ئیستیحاقونا، بووە ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا بە 7381 دەنگ، لەبرى مائیسە داودى، بەربژێرى هەمان لیست کە 718 دەنگى بەدەستێهنابوو.

دەریا ئەرکەوازى، کە بەربژێرى کوردە، وەک کۆتا لە سەر لیستى ئەساسى عێراقى بە 3291 دەنگ چووەتە جێگەى سەباح تەمیمى، بەربژێرى هەمان لیست کە 10 هەزار و 618 دەنگى بەدەستهێنابوو، بە گوێرەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن وەک سەرکەوتوو لەو هەڵبژاردنە ناوى دیاریکرابوو.
18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق دوای 10 ساڵ و لە کەرکووکیش دوای 18 ساڵ کرا کە تیایدا 38 هاوپەیمانێتى و 28 پارت بەشدارییان کرد زیاتر لە شەش هەزار بەربژێر رکابەرییان کرد.
لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین، عەمار بەلداوى، لە لیستى هاوپەیمانیى ئیتارى وەتەنى بە 7591 دەنگەوە بووەتە ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا لە جێگەى زوهێر عجێلى، کە 16 هەزار و 368 دەنگى بەدەستهێنا، بەڵام بە پاساوى ئەوەى رێکارەکانى دەستەى لێپرسینەوەی دادوەرى دەیگرێتەوە، مافى سەرکەوتنى لەو هەڵبژاردنە لێ وەرگیرایەوە.
لە پارێزگاى ئەنبار ئەکرەم محلاوى، بەربژێرى لیستى سەروەرى بە 6608 دەنگ چووتە جێگەى ئەریج جومەیلی، بەربژێرى هەمان لیست کە 2090 دەنگى بەدەستهێنابوو بە گوێرەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن بەر لە پەسەندکردنى.

هەر لە هەمان پارێزگا سەنا فەهداوى، بەربژێری هاوپەیمانیى ئەنبارى موتەحید، بە 2577 دەنگەوە چووەتە جێگەى فەیسەل عیساوى، بەربژێرى هەمان لیست کە بە گوێرەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکان، 6160 دەنگى بەدەستهێنابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ