رووداو هەولێر
یەکێک لە بەربژێرانی کورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار دەڵێت، هیچ حیزبێک پێی نەگوتووە پشتیوانی دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
بڕیارە 26ـی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراقە کە 40 بەربژێر کێبڕکێی لەسەر دەکەن و بەشێکیان کوردن.
رۆژی سێشەممە 22-3-2022، حاکم رزگار حەمەئەمین، یەکێک لە بەربژێرە کوردەکانی سەرۆککۆماری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کاتی رێکنەکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا، ئەو ئامادەیە نوێنەرایەتی کورد بکات و ببێتە بەربژێری هاوبەشیان.
حاکم رزگار دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ نە پارتی دیموکراتی کوردستان و نە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان قسەیان لەگەڵ نەکردووە بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێری هاوبەشی کورد و دەشڵێت: "ئەگەر ئەوان رێکبکەون لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش، ئەوە لەبەرژەوەندی هەموو گەلی کوردە".
حاکم رزگار باسی لەوەش کرد، هەر کوردێک بچێتە بەغدا، پشتیوانی پارتی و یەکێتی لەگەڵ نەبێت سەرکەوتوونابێت و گوتیشی: "هەردوو حیزب بەربژێری خۆیان هەیە و کێبڕکێ دەکەن؛ ئەگەر رێکنەکەون من بە شانازییەوە ئامادەم ببمە بەربژێری هاوبەشی ئەوان و هەموو گەلی کورد".
رۆژی 10ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، تاوەکو ئەمڕۆ نە سەرۆککۆمار و نە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق هەڵنەبژێردراون و بۆ گەیشتن بە رێککەوتن گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بەردەوامن.
بەگوێرەی ئەوەی لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعسی عێراقەوە وەکو نەریتێکی سیاسی، سەرۆکوەزیران بۆ پێکهاتەی شیعە، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە و سەرۆککۆمار بۆ کورد دانراوە، چاوەکان لە سەر کوردن بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێرێکی هاوبەش بۆ سەرۆککۆماری عێراق.
وێڕای چەند بەربژێرێکی "سەربەخۆ"ی کورد، بەرهەم ساڵح و رێبەر ئەحمەد، دوو لە بەربژێرە بەهێزەکانی یەکێتی و پارتین بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ