رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەچێتە ئەمریکا و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا لەگەڵ واشنتن قسە دەکات.
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 15-4-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
وەک لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە، مەبەست لە کۆبوونەوەکە دروستکردنی هاوئاهەنگییە لەبارەی ئامانجە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە دوو قۆڵییەی لەنێوان عێراق و ئەمریکادا هەیە.
کۆشکی سپی ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق، "پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتننامەی ستراتیژی دووپات دەکەنەوە؛ هەروەها پابەندبوونی خۆیان بە قووڵکردنەوەی دیدگەی هاوبەشیان بۆ عێراقێکی سەقامگیر، خاوەن سەروەری و خۆشگوزەران، بە جۆرێک کە بە تەواوی ئاوێتەی ناوچەکە بێت، دووپات دەکەنەوە."
بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی ئەو مژارانە باس دەکات کە لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراقدا تاوتوێ دەکرێن و دەڵێت، "سەرۆک بایدن و سەرۆکوەزیران سوودانی لەبارەی هەندێک مژار راوێژ دەکەن، لەوانەش پابەندبوونی هاوبەشمان بە تێکشکاندنی یەکجارەکیی داعش و گۆڕینی ئەرکی سەربازی (هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی)، ئەوەش نزیکەی 10 ساڵ دوای پێکهێنانی سەرکەوتووانەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش".
کۆشکی سپی ئاماژە بەوەش دەکات، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لە چاکسازییەکانی بواری ئابووریی عێراق دەکەن، ئەوەش بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی کەرتەکە و هەنگاونانی عێراق بە ئاراستەی سەربەخۆیی لە کەرتی وزەدا و نوێگەری لەو بوارەدا.
کۆشکی سپی رایگەیاند، 15ـی نیسان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی دەکات
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 22, 2024
زانیاریی زیاترhttps://t.co/0hmKEcu46Z pic.twitter.com/0FROteoE6D
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ