رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، زیاتر لە 1400 هاووڵاتیی عێراقی کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردبوو، لە رێگەی دەروازەی سنووریی عەرعەری سعودیەوە گەڕێندراونەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 22ی ئاداری 2026، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێڵی ئاسمانیی عێراقیە لە رێگەی 9 گەشتی ئاسمانییەوە زیاتر لە 1400 هاووڵاتی لە فڕۆکەخانەکانی نیودەلهی لە هیندستان و قاهیرە لە میسرەوە بۆ فڕۆکەخانەی عەرعەر لە سعودیە گواستەوە، پاشان لەوێوە ئەو کەسانە بە رێگەی وشکانی گەڕێندرانەوە بۆ نێو عێراق.
گەڕاندنەوەکە لە رۆژی 15ی ئەم مانگەوە دەستیپێکرد.گوتەبێژەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی سەرنشینانی سەر بە وەزارەتەکەی 36 پاسی بۆ گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییانە لە سنووری سعودیەوە بۆ عێراق دابین کرد.
بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە رۆژی 28ی مانگی رابردووەوە ئاسمانی عێراق داخراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ