کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رۆژی هەینی دواخرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چوارچێوەی هاوئاهەنگی جارێکی دیکە کۆبوونەوەی تایبەت بە دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی بۆ رۆژی هەینی دواخست.
 
رۆژی چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، ئەمینداریەتی گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بڕیاردرا کۆبوونەوەکەیان بۆ رۆژی هەینی (24ـی نیسانی 2026) دوابخرێت. ئامانجی ئەم هەنگاوەش "رەخساندنی دەرفەت و کاتی زیاترە بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ لەنێوان لایەنەکاندا بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی کۆتایی لە چوارچێوەی وادە دەستوورییەکەدا."
 
بڕیاربوو ئەمشەو لایەنە شیعەکان لە ماڵی هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە بەغدا کۆببنەوە. بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، کێشەی سەرەکی لەسەر "شێوازی دەنگدانە" بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێرەکە و رۆژی 21ی نیسانیش گفتوگۆ دوو قۆڵی و سێ قۆڵییەکان بێ ئەنجام بوون.
 
نێوخۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دابەشبووە بەسەر دوو جۆر پێشنیازدا، بەرەی یەکەم: داوا دەکەن بەربژێرەکە دەبێت دوو لەسەر سێی دەنگی 12 سەرکردەکەی چوارچێوە (واتە 8 دەنگ) بهێنێت، بەرەی دووەم: پێیان باشە پرسەکە بە دەنگی پەرلەمانتارەکانیان یەکلا بکرێتەوە.
 
پێشنیازێکی دیکەش هەیە کە دەنگی هەر سەرکردەیەک بەپێی ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەمان هەژمار بکرێت، بە مەرجێک کۆی دەنگەکان بگاتە زیاتر لە 110 کورسی (کە دەکاتە دوو لەسەر سێی کۆی 164 کورسییەکەی چوارچێوە).
 
رکابەرەکان کێن؟
 
تاوەکو ئێستا دوو ناوی سەرەکی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق لە رکابەریدان، باسم بەدری: سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری (وەک بەربژێری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا)، ئیحسان عەوادی: بەڕێوەبەری نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی (وەک بەربژێری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان).
 
وادە دەستوورییەکە بەرەو کۆتایی دەچێت
 
لە 11ی نیسانەوە، وادەیەکی 15 رۆژی دەستیپێکردووە بۆ ئەوەی لایەنە شیعەکان کە خاوەنی گەورەترین فراکسیۆنن، بەربژێرەکەیان پێشکێشی سەرۆککۆمار بکەن بۆ ئەوەی رایبسپێرێت. بەوپێیە رۆژی شەممە، 25ی نیسان، دوا مۆڵەتی دەستوورییە و کۆبوونەوەی رۆژی هەینی دەبێتە دوا هەلی شیعەکان بۆ رێککەوتن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا.

هاتووچۆی عێراق: ئەمڕۆ دوایین مۆڵەتە بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق ئاگادارییەک ئاراستەی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دەکات و دەڵێت، ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ سوودمەندبوون لە بڕیاری تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە شێوەی نایاسایی هێنراونەتە وڵات.