رووداو دیجیتاڵ
دوای 5 ساڵ لە چاوەڕوانی، جارێکی دیکە پڕۆژەیاسای "خزمەتی ئاڵا،" کە پێشتر بە "خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ" ناودەبرا، گەڕایەوە نێو هۆڵی پەرلەمان و لایەنە سوننە و شیعەکانی دابەشی دوو بەرەی دژبەیەک کرد. لایەنە شیعەکان بە تووندی ناڕازین و بە کۆکردنەوەی واژۆ دەیانەوێت پڕۆژەکە پەکبخەن.
زوحا سەدخان، گوتەبێژی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی نەهجی وەتەنی دەڵێت، ''ئێمە لەگەڵ هەر کەسێکین خزمەتی وڵات بکات، بەڵام ئەوە سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبی هەیە؛ ژمارەکان وەکو پێویست هەن بۆ خزمەتی وڵات.''
پڕۆژەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە کوردستانییەکان چاوەڕوانی گفتوگۆکانن و هەڵوێستی فەرمییان رانەگەیاندووە.
دیار موفتی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ''بێگومان لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان گفتوگۆی جدیی وردی بۆ دەکرێت، دواتر ئێمە وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوونەوەی خۆمانی لەسەر دەکەین و بۆچوونی خۆمانی لەسەر دەدەین.''
یاساکە بەناوی "خزمەتی ئاڵا" پێشکێش کراوە، بەڵام ناچارییە و هەر کەسێک تەمەنەکەی بیگرێتەوە و پابەند نەبێت، سزای پێبژاردن و زیندانیکردن دەیگرێتەوە.
فەوزی عەبدولکەریم، خانەنشین دەڵێت، ''بەڵێ خزمەتی سەربازی پیاو دروست دەکات، ئەمە راستەوخۆ میلیشیاکان هەڵدەوەشێنێتەوە.''
کازم شەموت، مامۆستای زانکۆ پێیوایە، ''دەبێت توێژینەوەی قووڵی لەسەر بکرێت، تاوەکو دەرکەوێت سوود و زیانەکانی چین؟ پێموایە ئەمە توێژینەوەی دەوێ."
محەممەد عەلی، دەرچووی زانکۆ گوتی، ''بەداخەوە، کۆمەڵگە بە سەربازی دەکرێت، کاتێک کۆمەڵگە بە سەربازی دەکرێت رێز لە پسپۆڕی و پیشەکانی دیکە ناگیرێت، هەر دەبێتە جەنگ و کوشتار بۆمان.''
بەپێی پڕۆژەکە، ماوەی خزمەتەکە بەپێی ئاستی خوێندن لەنێوان 3 بۆ 18 مانگە، هەروەها گەشتکردن بۆ عێراقییە تەمەن 19 بۆ 45 ساڵەکان لە ئەگەری تەواونەکردنی خزمەتی سەربازی، قەدەخە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ