رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سەرۆکی پەرلەمان داوای لە سەرۆکی فراکسیۆنەکان کردووە لیژنەیەک پێکبهێنن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەبەستی شکاندنی بایکۆت و گەڕانەوەیان بۆ نێو پەرلەمان.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، دیار موفتی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری (هەڵوێست) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم هەنگاوە لەسەر داوای یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمان بووە و بڕیارە سبەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر ئەم پرسە کۆببنەوە تاوەکو بتوانن قسە لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی بکەن و سەردانیان بکەن.
دیار موفتی لەبارەی هەڵوێستی خۆیان گوتی: "ئاساییە بایکۆتی پەرلەمان بکرێت، بەڵام نەگاتە رادەیەک کە پچڕانی یەکجاری رووبدات، ئێمە وەک خۆمان لەگەڵ ئەوەین کە فراکسیۆنی پارتی بگەڕێتەوە نێو پەرلەمان."
رۆژی 18ـی ئەم مانگە، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند، بەهۆی پێشێلکردنی دەستوور و یاسا و پشتگوێخستنی بنەماکانی هاوبەشی و سازان، بڕیاریان داوە دانیشتنەکانی پەرلەمان تاوەکو کاتێکی نادیار بایکۆت بکەن.
ئەم بڕیارەی فراکسیۆنی پارتی دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق لە پەرلەمان بەڕێوەچوو، کە پارتی ئەو هەنگاوەی بە نادەستووری و پێشێلکردنی رێککەوتنە سیاسییەکان وەسف کرد و هەردوو فراکسیۆنی خۆی لە پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵی کشاندەوە. ئێستا بە فەرمی بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی تاوەکو کاتێکی نادیار راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ