شیعەکان بە ناکۆکی لەسەر شێوازی دەنگدان دەچنە کۆبوونەوە؛ پێشنیازى نوێ بۆ بەربژێری سەرۆکوەزیران دەکرێ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ناکۆکی لەبارەی شێوازی دەنگدان لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیران دەچێتە نێو کۆبوونەوەی هاوپەیمانییەکە، کە لە نێوان دوو شێوازی دەنگدان یەکلایی نەبوونەتەوە و رەوتی حیکمە پێشنیازێکی نوێ دەکات. بە گوتەی بەرپرسێکی یەکێک لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانییەکە، ئەگەر لەسەر دوو بەربژێرە رکابەرەکەی ئێستا رێککەوتن نەکرێ، گفتوگۆ لەسەر بەربژێرێکی دیکە دەکرێ.
 
ئەو کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەمشەو 22ی نیسان لە ماڵی هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە بەغدا دەکرێ، کە دووەم کۆبوونەوەیانە لەبارەی یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران لە 48 کاژێردا بیکەن.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، 21ی نیسان گفتوگۆی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی لەنێوان سەرکردەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی شێوازی دەنگدانەوە بووە بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
بەشێک لە پێکهێنەرانی ئەو هاوپەیمانییە شیعەیە لەگەڵ ئەوەن کە بەربژێرەکە دوو لەسەر سێی دەنگی 12 سەرکردەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بهێنێت کە هەشت دەنگە. بەشەکەی دیکەیان لەگەڵ ئەوەن بە دەنگی پەرلەمانتارەکانیان ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە.
 
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر کە هاوپەیمانییەکەی یەکێک لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر شێوازی دەنگدانەکە رێکنەکەوتوون و لە کۆبوونەوەکەی ئەمشەو هەوڵی یەکلاییکردنەوەی دەدرێ."
 
پێشنیازی پەنابردن بۆ پەرلەمانتارەکانیان لەلایەن محەممەد شیاع سوودانییەوە کراوە کە خاوەنی زۆرترین پەرلەمانتارە لە نێو هێزە شیعەکاندا کە 45 کورسییە. عەقیل ردێنی گوتى، "ئەو پێشنیازە لەلایەن دەوڵەتی یاساوە رەت کراوەتەوە."
 
باسم بەدری، سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری وەک بەربژێری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران وەک بەربژێری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە رکابەریدان بۆ ئەوەی ببنە بەربژێری سەرۆکوەزیران.
 
بۆ گەیاندنی هەردوو بەرە رکابەرەکەى نێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە رێککەوتن، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە پێشنیازێکی لەبارەی شێوازی دەنگدان بە بەربژێری سەرۆکوەزیران کردووە.
 
سەباح ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە بە رووداوی گوت، "پێشنیازەکە ئەوەیە کە ئەو بەربژێرە پەسند بکرێ کە دەنگی سەرکردەکانی هاوتاى زیاتر لە 110 پەرلەمانتارى چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێت."
 
شیعەکان لە پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 180 کورسییان هەیە و گەورەترین فراکسیۆنن، بەڵام ئەو 12 لایەنەی لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدان 164 کورسییان هەیە.
 
بەپێی پێشنیازەکە، هەر کام لە 12 سەرکردەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەند کورسی هەیە، دەنگەکەی بە ئەوەندە هەژمار بکرێ و بگاتە زیاتر لە 110 کورسی کە دوو لەسەر سێی ژمارەی پەرلەمانتارەکانیانە.
 
لە 11ی نیسانەوە بەگوێرەی دەستوور 15 رۆژ لەبەردەم هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدایە بۆ ئەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلایی بکرێتەوە و بدرێتە سەرۆککۆمار بۆ ئەوەی رایبسپێرێت، بەوپێیە رۆژی شەممە 22ی نیسان دوا وادەیە بۆ ئەوەی ئەو پرسە یەکلا بکەنەوە.
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر گوتى، "ئەگەر هیچ کام لەو دوو بەربژێرەی ئێستا هەن، دەنگی پێویست بۆ بەربژێربوون بەدەست نەهێنن، بەربژێرێکی دیکە هەیە کە تاوتوێ دەکرێ و ناوەکەی لای بەرپرسانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا کارئاسانی بۆ خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە حاجییان بکرێ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی راسپارد کە لە یەک هەفتەدا سەرجەم رێکارەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆبایل یەکلایی بکەنەوە؛ هەروەها بڕیاری دا کارئاسانی بۆ رێکارەکانی ئامادەکاری بۆ وەرزی حەج و خزمەتگوزاری بۆ حاجییان بکرێ.