رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی رەخنە لە هەوڵەکانی پەرلەمان دەگرێ بۆ گەڕانەوەی "خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ" و دەڵێ، سەردەمی زۆریی ژمارەی سەرباز بەسەرچووە و ئێستا جەنگ بە تەکنەلۆژیایە.
رۆژی چوارشەممە 22ی نیسانی 2026 نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "لە ئەنجوومەنی نوێنەران، گفتوگۆ لەسەر پێشنیازی گەڕانەوەی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ دەکرێ، بەڵام ئەمە بیرۆکەیەکە کە کاتی بەسەرچووە."
نووری مالیکی ئاماژەی بەوە کردووە، لە جەنگە هاوچەرخەکاندا چی دیکە پشت بە زۆریی ژمارەی سەرباز نابەسترێ، "بەڵکو پشت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دەبەسترێ."
مالیکی دەڵێ، "بانگهێشتکردنی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان بۆ خزمەتی سەربازی، تێچوویەکی دارایی یەکجار زۆر و خەیاڵی دەخاتە ئەستۆی دەوڵەت، بێ ئەوەی پێویستییەکی راستەقینەی هەبێت."
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێشنیاز دەکات کە لەبری ئەو هەنگاوە، "حکومەت و پەرلەمان کار لەسەر ئەوە بکەن ئەو بودجە و سەرچاوانە بۆ بەرزکردنەوەی کارامەیی سوپا و بونیادنانی هێزێکی چالاک بە ژمارەیەکی کەمتر و کواڵیتییەکی بەرزتر تەرخان بکەن."
نووری مالیکی داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات "پەلە نەکەن" لە تێپەڕاندنی ئەو پێشنیازەیاسایە.
پێشنیازەیاساکە کە رۆژی 19ی ئەم مانگە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و تێیدا هاتووە، خزمەتەکە لە تەمەنی 19 ساڵییەوە دەستپێدەکات و ماوەکەشی بەپێی بڕوانامە دەگۆڕێ، بە جۆرێک 18 مانگ خزمەت بۆ ئەوانەی نەیانخوێندووە یان سەرەتایی و ناوەندییان تەواو نەکردووە، 12 مانگ خزمەت بۆ دەرچووانی ئامادەیی، 9 مانگ بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگە، 6 مانگ بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و سێ مانگ بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا.
بەپێی پێشنیازەیاساکە، تەنیا "کوڕی تاقانە" و ئەوانەی کێشەی تەندروستییان هەیە لە خزمەتەکە دەبەخشرێن. سزای سەرپێچیکارانیش تووندە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ