لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کوردستان تۆمار دەکرێت

22-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆکی فراکسیۆنی جووڵانەوەکە لە پەرلەمانی عێراق، لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەک لە دژی مادەی دووی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆماردەکەن، کە تەمەنی یاسایی ئەنجوومەنەکانی پارێزگاکانی تاوەکو هەڵبژاردنێکی دیکە درێژکردەوە. 
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 6-8-2023، دادگەکە لەبارەی سکاڵایەک کۆببێتەوە، کە لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەدژی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن.
 
سکاڵاکە ژمارەی 124/فیدراڵی/2023 هەیە، لە دژی د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە. 
 
لە سکاڵاکەدا، سکاڵاکاران داوایان لە دادگەکە کردووە مادەی دووی یاسای یاسای ژمارە سێی ساڵی 2009ـی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی هەموارکراو بە نادەستووری بزانێت و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە هەڵوەشاوە لە رۆژی کۆتاییهاتنی خولی هەڵبژاردنییەوە لە دوای تەواوکردنی چوار ساڵی خۆیان لە رۆژی یەکەم دانیشتنیان بزانێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 22-6-2023، ئازاد محەممەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی سکاڵاکەوە رایگەیاند، "ئەو درێژکردنەوەیەی کراوە پەرلەمانی کوردستان کردوویەتی و بەپێی مادە یاساییەکە درێژکردنەوەکە تاوەکو هەڵبژاردنێکی دیکە دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە چەند جارێک داوامانکردووە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت، دوایینجاریش لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بوو."
 
لە هەرێمی کوردستان دوو جار هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراوە، دوایینیان لە 30 نیسانى 2014 بوو. لە رۆژی 23-6-2018ـەوە وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کۆتاییهاتووە، پەرلەمانی کوردستانیش سەرەتای مانگی تەمممووزی 2019 تەمەنی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تاوەکو هەڵبژاردنێکی دیکە درێژکردەوە.  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە