رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە شەش کۆگای خۆراک لە بەغدا کەوتەوە و ژمارەیەک بارهەڵگری ساردکەرەوەش سووتان. بەرگریی شارستانی دەڵێت، ئاگرەکەیان کۆنترۆڵكردووە.
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق، رۆژی شەممە، 22-06 -2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی عوێریج لە باشووری رۆژئاوای بەغدا ئاگر لە شەش کۆگای خۆراک کەوتەوە و ژمارەیەک بارهەڵگری ساردکەرەوەی گواستنەوەی خۆراکیش سووتان.
کۆگاکان لە سەندویچ پەنەڵ دروستکرابوون و بۆیە بە خێرایی گڕیان گرتووە.
نەواس سەباح شاکر دەڵێ، تیمەکانی بەرگریی شارستانی زوو چوونەتە شوێنەکە و دوای هەوڵێکی زۆر ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووە.
بەگوتەی هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق، کۆگاکان پێچەوانەی رێنماییەکانی سەلامەتی دروستکرابوون؛ بۆیە لێکۆڵینەوە دەکەن کە چۆن مۆڵەتیان وەرگرتووە. تیمی بەڵگەی تاوانیش لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەکات.
بە گوێرەی بەرگریی شارستانیی عێراق، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 13,600 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق تۆمارکراون و 48%یان بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە. ساڵی رابردووش 32,477 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق تۆمارکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ