جەنگی ئێران و ئیسرائیل "بەرەی مقاوەمە"ی عێراقی کردە دوو بەرەوە

22-06-2025
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
ژمارەیەک گەنج لە بەغدا بە ئاڵای عێراق و ئێرانەوە
ژمارەیەک گەنج لە بەغدا بە ئاڵای عێراق و ئێرانەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جەنگی ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێ، ئەمەش ناکۆکی و دابەشبوونی لەنێو گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق دروستکردووە کە خۆیان بە "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن. ئەم گرووپانە لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە بوونەتە دوو بەرە.
 
بەشێکیان بە ئاشکرا رایانگەیاندووە، ئەم شەڕە لە ئاستێکی گەورەی تەکنەلۆژیایە و لە توانای ئەواندا نییە، بۆیە نایانەوێت تێوەی بگلێن. لە بەرامبەردا، بەشێکی دیکەیان هەڕەشە دەکەن و دەڵێن ئەگەر ئەمریکا بەشدار بێت لەم شەڕەدا، ئەوا لەنێو خاکی عێراقدا بەرژەوەندییەکانی دەکەنە ئامانج.
 
سەید عەلی حوسێنی، ئەندامی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "وەک بەرەی مقاوەمەی عێراقی پێشتریش گوتوومانە، ئەگەر ئەمریکا بەشێوەیەکی ئاشکرا بەشداری لەم شەڕەدا بکات، باڵیۆزخانە و سەربازگەکانی دەکرێنە ئامانجی مقاوەمەی عێراقی و بەهیچ شێوەیەک رەحم بە بەرژەوەندییەکانی لە عێراق ناکەین."
 
لەسەر ئاستی فەرمی، حکومەتی عێراق داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات، بەڵام بەشێک لە لایەنە سیاسی و سەربازییەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پێیانوایە دەبێت بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیی ئێران بکرێت، وەکو خۆیان دەڵێن، بۆ "پاداشتکردنەوەی چاکەی ئێران لە شەڕی دژی داعشدا."
 
سوهەیلە سوڵتانی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، "ئێران لە هەڵوێستێکی شەریفانەدا لەگەڵ ئێمە وەستایەوە بۆ پارێزگاریکردن لە عێراق دژی داعش، بۆیە ئێمە لەگەڵیانداین و پارێزگارییان لێ دەکەین. ئەوەی پێمان بکرێت پێشکەشیان دەکەین، جا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بێت یان بە هەر شێوەیەکی دیکە."
 
رووداو زانیویەتی، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە پەیامێکی روونی داوەتە گرووپە چەکدارەکان و ئاگاداری کردوونەتەوە کە لە ئەگەری هەر جووڵەیەکی سەربازی و هێرشێکدا، وەڵامێکی "تووندیان" بۆ ئامادەیە.
 
سەرەڕای فراوانبوونی پانتایی شەڕەکە، تاوەکو ئێستا هەڵوێستی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق تەنیا لە چوارچێوەی راگەیێندراو و خۆپێشانداندا قەتیس ماوە و بە کردەیی نەچوونەتە نێو بەرەی شەڕەکەوە، بەڵام هەڕەشەکانیان ئەوەندە تووندن چاوەڕێ ناکرێت عێراق بتوانێت لە دەرەوەی ئەم ئاڵۆزییەدا بمێنێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە