لە بەسرە هێرشکرایە سەر کۆمپانیایەکی دانیمارکی

22-07-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ شەممە لە پارێزگای بەسرە هێرشکرایە سەر بارەگای کۆمپانیایەکی دانیمارکی لە ناوچەی شەتولعەرەب.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هێرشکراوەتە سەر بارەگای کۆمپانیای DCRی دانیمارکی کە لەبواری هەڵگرتنەوەی مین لە بەسرە کاردەکات. بەهۆی ئەو هێرشەوە، ژمارەیەک کەرەڤانەی سەر بە کۆمپانیاکە سووتاون. 
 
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی، 21-7-2023 ئەندامانی گرووپێکی تووندئاژۆ لە دانیمارک بە ناوی "Danske Patrioter" [نیشتمانپەروەرانی دانیمارکی] لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنھاگن قورئانی پیرۆزیان سووتاند. 
 
لە کاردانەوەی ئەوەشدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 22-07-2023، دەیان هاووڵاتیی عێراقی کە زۆربەیان لایەنگری رەوتی سەدر بوون، خۆپێشاندانیان کرد و هەوڵیاندا بچنە سەر باڵیۆزخانەی دانیمارک لە ناوچەی سەوزی شاری بەغدا.
 
خۆپێشاندەران دروشمی جیاوازیان دژی دانیمارک گوتەوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە لەسەر پردی کۆماری رێگریان لێکرا، بۆ ماوەیەک گرژی لەنێوان هەردوولا دروستبوو و دواتر خۆپێشاندەران پاشەکشەیان کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە