رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق - سۆمۆ راگەیێندراوێک لەبارەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە لانیکەم 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و ئەو کاتە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا مانگە دەخرێتە سەر هەژمارەی تایبەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سۆمۆ رۆژی 21-07-2023 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، رۆژی سێشەممە، 18ی ئەم مانگە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت - سۆمۆ بە بەشداریی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە، نوێنەرانی فەرمانگە پەیوەندارەکان لە وەزارەتی نەوت و فەرمانگەی ژمێریاریی گشتی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، ئەوەش "بە مەبەستی تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە کوردستان".
سۆمۆ دەڵێت، "رێککەوتنی سیاسیی نێوان بەغدا و هەولێر ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان رۆژانە لانیکەم 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات تاوەکو سۆمۆ هەناردەی بکات، داهاتەکەشی لە هەژمارێکی بانکی لە بانکی ناوەندیی عێراق دابنرێت؛ دواتر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا مانگانە دەخرێتە سەر هەژمارەی تایبەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان".
هەر لەو بارەیەوە خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە، 22-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سۆمۆ پەیوەندی بە هەناردەکردنی پشکی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو کۆمپانیایەکە کاری هەناردەکردنی نەوتە، نەک ناردنی پشکی دارایی هەرێمی کوردستان".
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتی، "مەرج نییە هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات، بەڵکو دەکرێت بۆ پاڵاوگەکان وەک کار و قەیوان و پاڵاوگەی دیکە نەوتەکە رەوانە بکات و بۆ پێویستی ناوخۆیی بەکاربێت. ئەمەش بەپێی خواستە. رەنگە 100 هەزار یان 150 هەزار و زیاتر بێت، بەڵام ئەوەی گرنگە، هەر کاتێک داوای 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لێکرا، هەرێمی کوردستان ئامادەبێت بۆ ئەو بڕە نەوتە رادەست بکات".
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە بەغدا مایەوە و کۆبوونەوەی تایبەت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تەممووزی 2023، ئومێد سهباح، سهرۆكی دیوانی ئهنجوومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رێکخست و گوتی، "پێنج رۆژە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغداین و لەگەڵ لایەنە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەداین لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە. جەختمان لەسەر دوو بابەت کردووە؛ یەکەمیان: پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. دووەمیان، زامنکردنی بەشە بودجە و تێکڕای شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".
ئومێد سەباح راشیگەیاند، سەرەڕای تێبینیی زۆریان لەبارەی نادەستووریبوونی هەندێک دەقی مادە و بڕگەکانی بودجە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە هەرچی پابەندییەک دەکەوێتە سەرشانی جێبەجێی بکات و زۆریشی جێبەجێ کردووە و "ئامادەیی خۆیشمان دەربڕیوە لە هەفتەی داهاتووەوە هەرچی پابەندیی دیکە هەیە کە بکەوێتە سەرشانمان جێبەجێی بکەین."
ئومێد سەباح باسی لەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 25ـی حوزەیرانەوە رۆژانە نەوت رادەستی بەغدا دەکات و گوتیشی، "پابەندییەکان بەمشێوەیەن: لە یاسای نەوت هاتووە، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە نەوت رادەستی حکومەتی ناوەندی بکات. ئێمە لە 25ی حوزەیرانەوە بەکردار رۆژانە 50-60 هەزار بەرمیل نەوتمان رادەستی حکومەتی فیدراڵی کردووە. ئەم بڕە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە دیاریکراوە و ئەم بڕە بەرزدەبێتەوە تاوەکو دەگاتە ئەو رێژەیەی لە بودجە باسی لێوەکراوە. ئەمڕۆش لە رەشنووسی کۆبوونەوەی کۆتاییدا ئەمە جێگیرکرا و وەزارەتی نەوتیش بە فەرمی چەسپاندی کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی بە رادەستکردنەوەی نەوت جێبەجێکردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ