بەغدا حەوتەم پیسترین هەوای لەنێو شارەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە

22-07-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێگەیەکی سویسری دوایین راپۆرتی خۆی سەبارەت بە ئاستی پیسیی هەوای شارەکانی جیهان بڵاوکردەوە و هەریەک لە شارەکانی لاهۆر، دەلهی و کامپالا پیسترین هەوایان هەیە. بەغداد حەوتەم پیسترین هەوای لەنێو شارەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە.
 
رۆژی سێشەممە 22ی تەممووزی 2025 ماڵپەڕی ئای کیو ئێیەری سویسری بڵاویکردەوە، شارەکانی لاهۆر، دەلهی، کامپالا، جاکارتا، دۆحە، سانتیاگۆ، ساوپاولۆ و کوالالامپور یەک بەدوای یەکدا پیسترین هەوایان لەنێو شارەکانی جیهاندا هەیە.
 
لەنێو شارەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەوحە پیسترین هەوای هەیە. دوای ئەو هەریەک لە شارەکانی دوبەی، قودس- ئۆرشەلیم، قاهیرە، ریاز، تەل ئەڤیڤ و بەغدا دێن. بەغدا 24ەمین پیسترین هەوای لەنێو شارەکانی جیهاندا هەیە.
 
رێکخراوە تەندروستییەکانی جیهان چەند جارێک هۆشدارییان لە پیسیی کەشوهەوای شارەکانی جیهان داوە و بە یەکێک لە هۆکارە دیارەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی هەناسەدان و چەندین جۆری شێرپەنجەیان داناوە.
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە هەر 10 کەسێک لە جیهاندا نۆیان هەوایەک هەڵدەمژن کە لەگەڵ پێوانە نێودەوڵەتییەکان ناگونجێت. دەشڵێت، ساڵانە هەوای پیس هۆکاری مردنی 7 ملیۆن کەسە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە