رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 14 بەربژێری پارتێکی سیاسی لە بازنەی پارێزگای بەغدا دووردەخاتەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 22ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران 14 بەربژێری (حزب القدرة)ی لە بازنەی پارێزگای بەغدا دوورخستەوە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە پارتەکە مەرجی پەسندکردنی تێدا نەبووە و رێکارەکانی پەسندکردنی تەواو نەکردووە، بۆیە لە بەشداریکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی هەڵبژاردنی بەغدا بێبەشکرا و داوا لە هۆبەی دیزاین کراوە ناوی پارتەکە لە کارتی دەنگدانی پارێزگای بەغدا بسڕێتەوە.
جومانە غەلای، ئاماژەی بەوەکرد، ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای یاداشتی فەرمانگەی میدیا و گەیاندنی جەماوەری/ هۆبەی کاروباری بەربژێرەکان بووە.
دەرگەی خۆبەربژێرکردن لە 25ـی مانگی ئایار کرایەوە و 26ـی حوزەیران دوا وادە بوو بۆ پێشکێشکردنی بەربژێری هاوپەیمانی و پارتەکان. زیاتر لە 7 هەزار و 900 کەس خۆیان بەربژێر کردووە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکهاتووە 320یان گشتی و 9یەکەی دیکە کۆتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ