رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داوا لە لیژنەی وەزاری دەکات گفتوگۆکانیان لەبارەی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان تەواو بکەن و پڕۆژەیاساکە گەڵاڵە بکەن.
رۆژی سێشەممە، 22-08-2023، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە کۆشکی حکومی کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 19ـی خۆی کرد بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. لە راگەیێندراوێکدا ئەو هاوپەیمانێتییە دەڵێت، تێیدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و کۆمەڵێک دۆسیەی سیاسی و ئابووری کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەبارەی کاروباری حکومەت، "سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامە گرنگەکانی شاندی ئەمنیی عێراقی بۆ ئەمریکا باسکرد کە بەدەستیانهێناوە لە کێشانی نەخشەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و سەروەری و سەربەخۆیی عێراق و بڕیارە ستراتیژییەکانی".
لە کۆبوونەوەکە باس لەوە کراوە کە "هەندێک دەروون لاواز" دەیانەوێت ترس بخەنە نێو دەروونی هاووڵاتییان لە رێگەی هەواڵ و ڤیدیۆی ناڕاست سەبارەت بە هاتنی هێز بۆ نێو عێراق.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، "ئامادەبووان" دووپاتیانکردەوە کە پشتیوانیی تەواو لە رێکاری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا. هەروەها دوایین کۆپیی پڕۆژەیاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان خرایەڕوو بۆ ئەوەی بدرێتە ئەنجوومەنی نوێنەران.
وەکو لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە دووپاتیان لە کاراکردنی رۆڵی چاودێریی پەرلەمان کردەوە و دەڵێن "پێویستە تەواوی وەزارەت و پارێزگاکان پابەندبن کە پشت بە میکانزمی یاسای بودجە ببەستن و لە پرۆسەی هەڵبژاردندا دەرفەت یەکسان بێت و پۆست و دارایی گشتی بەکارنەهێنرێت."
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هانی لیژنەی وەزاریی تایبەت بە پڕۆژەیاسای نەوت و گاز درا گفتوگۆکانیان لەگەڵ تەکنیکارانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان تەواو بکەن و پڕۆژەیاساکە گەڵاڵە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ