کەشناسیی عێراق: هیچ ئاماژەیەک بۆ شەپۆلی بارانبارین نییە

22-09-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات پلەی گەرما نزم ببێتەوە. کەشناسیی عێراقیش دەڵێت، هیچ ئاماژەیەک بۆ شەپۆلی بارانبارین نییە.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 22ی ئەیلوولی 2025 بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت کەشی ئەمڕۆ دووشەممە بەو جۆرە بێت کە ئاسمان ساماڵ بێت، لەگەڵ بوونی پەڵە هەوری جیاجیا و کەمێکیش خێرایی با زیاد دەکات، ئەگەری تۆز و خۆڵێکی سووکیش هەیە.
 
هاوکات عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق بە رووداوی گوت، "پلەی گەرما تاوەکو کۆتایی هەفتە لە دابەزین بەردەوام دەبێت، تەنیا رۆژی پێنجشەممە ئەگەری هەیە تاڕادەیەکی کەم بەرزببێتەوە، بەڵام ئەوەش کاتی دەبێت و رۆژی هەینی دووبارە دادەبەزێت."
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمڕۆ و سبەی، پلەی گەرما 2 تاوەکو 4 پلەی سیلیزی بەراورد بە دوێنێ نزم دەبێتەوە."
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق دەڵێت، "تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ شەپۆلی بارانبارین نییە، بەڵام بەگوێرەی پێشبینییەکانمان، ئەم ساڵ بارانبارین لە دوو ساڵی رابردوو باشتر دەبێت."
 
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی سێشەممە بەم شێوەیە:
 
هەولێر؛ 31 پلەی سیلیزی 
سلێمانی؛ 28 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 29 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 32 پلەی سیلیزی 
هەڵەبجە؛ 30 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 31 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 30 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 34 پلەی سیلیزی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە