عێراق گرێبەستێک بۆ گواستنەوەی ئاوی دەریا بۆ کێڵگەکانی نەوت واژۆ دەکات

22-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێكی لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی واژۆ کرد، بۆ دانانی تۆڕی بۆرییەکانی دابەشکردنی ئاوی دەریا بۆ کێڵگەکانی نەوت. وەزیری نەوتیش رایگەیاند، ئەمە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و پاڵپشتییەکە بۆ ئابووریی نیشتمانی.
 
گرێبەستەکە لەنێوان کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای (CPP)ی چینی کراوە، بۆ دانانی تۆڕی بۆرییەکانی دابەشکردنی ئاوی دەریا بۆ کێڵگەکانی نەوت، کە درێژییەکەی 950 کیلۆمەترە.
 
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، "ئەم گرێبەستە گەورەیە تەواوکەری ئەو گرێبەستانەیە کە پێشتر لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیی فەرەنسی و چەند کۆمپانیایەکی دیکە بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی گەشەپێدانی گازی بەسرە واژۆ کراون، کە وەبەرهێنانی گاز لە کێڵگەکانی نەوت و زیادکردنی بەرهەمی نەوتی کێڵگەی ئەرتاوی بۆ 210 هەزار بەرمیل لەخۆدەگرێت."
 
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گەورە هەیە بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی چارەسەرکردنی ئاوی دەریا بە توانای پێنج ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بۆ ئەوەی لە کێڵگە نەوتییەکاندا سوودی لێوەربگیرێت.
 
حەیان عەبدولغەنی گوتی، "ئەم ئاوە چارەسەر و پاڵاوتە دەکرێت و ئاراستەی کێڵگە نەوتییەکان دەکرێت بۆ پاڵپشتیکردنی پەستانی ژێرزەوی، تاوەکو بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە کێڵگە سەرەکییەکانی (رومەیلە، زوبێر، رۆژئاوای قوڕنەی 1 و 2، مەجنوون) بەردەوام بێت، لەگەڵ دابینکردنی بڕێک ئاو بۆ کێڵگەکانی میسان و زیقار."
 
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بە وردەکاریی گرێبەستەکە دا و گوتی، "گرێبەستەکە دروستکردنی تۆڕێکی بۆری بە درێژایی زیاتر لە 950 کیلۆمەتر بۆ دابەشکردنی ئاوەکە بەسەر کێڵگەکاندا لەخۆدەگرێت، دوای ئەوەی لە وێستگەی سەرەکیی شیرینکردن دەپاڵێورێت و دەخرێتە نێو بۆرییەکی سەرەکیی 56 ئینجییەوە."
 
بەگوتەی حەیان عەبدولغەنی گرنگی پرۆژەکە لەوە دایە، دوای تەواوبوونی رۆژانە دەبێتە هۆی پاشەکەوتکردنی پێنج ملیۆن بەرمیل لە ئاوی رووبارەکان و ئاوی ژێرزەوی کە ئێستا بۆ بیرەکانی نەوت بەکاردەهێنرێت، کە دەتوانرێت بۆ مەبەستی مرۆیی و کشتوکاڵی سوودیان لێوەربگیرێت. گوتیشی "لە قۆناخی داهاتوودا دەکرێت پڕۆژەکە فراوان بکرێت بۆ چارەسەرکردنی حەوت بۆ هەشت ملیۆن بەرمیل ئاوی دەریا."
 
باسم محەممەد خودەیر، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان رایگەیاند، پڕۆژەی ئاوی دەریا یەکێکە لەو پڕۆژە ستراتیژییە گەورانەی حکومەت و وەزارەت چاوەڕێیان دەکرد. گوتیشی، "بە واژۆکردنی گرێبەستی ئەمڕۆ، وەزارەت دەستی بە دوو قۆناخی سەرەکیی پڕۆژەکە کردووە: قۆناخی وێستگەی شیرینکردنی ئاو کە پێشتر گرێبەستەکەی واژۆ کرا، لەگەڵ گرێبەستی تۆڕی بۆرییەکان کە ئەمڕۆ واژۆ کرا".
 
هەروەها حامد مەجید، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە رایگەیاند، کۆمپانیای (CPP)ی چینی پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات و هەردوو کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای راوێژکاریی (ILF) سەرپەرشتیی دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە