رووداو دیجیتاڵ
نێوەندی سیاسیی سوننەکانی عێراق گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیان بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی محەممەد حەلبووسی چڕکردووەتەوە، پەرلەمانی عێراقیش سەرقاڵی رێکارەکانی هەڵبژاردنی کەسێکە کە کورسییە بەتاڵەکەی سەرۆکە دوورخراوەکەی بۆ پڕبکاتەوە، ئەمینداری گشتیی پارتی بەیارق خەیر، یەکێک لە حیزبە سیاسییە سوننەکانی عێراق دەڵێت، "لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوو لەسەر بەربژێرێک بۆ پۆستەکە رێککەوتن دەکرێت"، بەبێ ئەوەی دیاری بکات ئەو کەسە لە کام هاوپەیمانێتی و پارت و رەوتی سوننەکانە.
رۆژی سێشەممە 21-11-2023، محەممەد خالیدی، ئەمینداری گشتیی پارتی بەیارق خەیری عێراقی، کە پارتێکی سوننەکانی عێراقە، لەبارەی دواین پێشهات و هەوڵەکان بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکەی محەممەد حەلبووسی، کە رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو بە بڕیاری دادگەی باڵا دوورخرایەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێنج رۆژ دەبێت هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ رێککەوتن لەسەر یەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان چڕبوونەتەوە، بەڵام رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە".
ئەوەشی گوت، "پێنج بۆ شەش بەربژێر بۆ پۆستەکە هەن، هەموویان بەشی خۆیان چانسیان هەیە، بەڵام سێ لەوانە بەهێزترینن".
رۆژی سێشەممە، 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، "ئەمە بڕیاریی کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن". هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە.
شەوی دووشەممە، 20-11-2023، پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی نائاسایی رۆژی چوارشەممە، 22ـی ئەم مانگەی خۆی بڵاوکردەوە کە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان یەکێکە لەو دوو خاڵەی بۆی کۆدەبێتەوە.
بەپێی دەستووری عێراق و پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی هەستیارییانەوە، نابێت کورسیی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ماوەیەکی درێژ بەتاڵ بێت، مادەی 55ـی دەستووری عێراق و بەپێی بڕگەی سێ لە مادەی 12ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، باس لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی دەکەن لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لەدوای بەتاڵبوونی ئەو پۆستانە.
هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی 166 پەرلەمانتارە، واتە زۆرینەی رەها، ئەوە ژمارەیەکی زۆر قورس نییە، بەتایبەت بۆ لایەنە رکابەرەکانی سوننە.
هاوپەیمانی تەقەدووم، سەروەرەی، حەسمی نیشتمانی، عەزمی نیشتمانی، چوار دیارترین هاوپەیمانێتی و لایەنە سوننەکانی نێو پەرلەمانی عێراقن، ئەوان ژمارەیەک بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هەیە، هاوپەیمانی تەقەدووم کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات، پۆستەکە بە شایستەی خۆی دەزانێت، هاوپەیمانی سەروەرییش، هاوکات عەزمی نیشتمانی کە موسەننا سامەڕایی نزیکتر لە شیعەکان بە بەراورد بە هاومەزهەبەکانی ئەو پۆستە بە شایستەی خۆیان دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا هاوپەیمانی حەسم کە ئوسامە نوجێفی و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە سەرۆکایەتی دەکەن ناوی سێ کەسیان بۆ پۆستە بەربژێرکردووە، کە هێشتا دیارنییە بازەکە لەسەر شانی کامیان دەنیشێتەوە.
بەپێی گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کۆبوونەوەی سوننەکان، بەتەنیا رێککەوتنی لایەنە سوننەکان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە گرنگ نییە، بەڵکو کۆدەنگیی شیعەکانیش گرنگە بۆ ئەوەی یەکلایی بکاتەوە کام بەربژێری سوننەکان پۆستەکە وەربگرێت، جگە لەوە هاوکێشەی هەرێمی و نێودەوڵەتی و رەزامەندیی دوو کاراکتەرە دیارەکەی نێو عێراق"ئێران و ئەمریکا"، کوردیش پشکی خۆی لە گرنگیی یەکلاییکردنەوەی تای تەرازووەکە هەیە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، ئەم بەربژێرانە دیارترینەکانن بۆ وەگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
تەڵاڵ زەوبەعی

سیاسەتمەدارێکی عێراقییە، لەساڵی 1969 لەدایکبووە، بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرای لە میدیا هەیە، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی پارتی مەجدە، لە خولەکانی دووەم لە لیستی هاوپەیمانی عێراقییەی نیشتمانی (2010-2014) و خولی سێیەم (2014-2018) لەسەر لیستی هاوپەیمانی موتەحیدون ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە، لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق (2018-2022) بووەتەوە بە ئەندام، هەروەها لە خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق لەنێو هاوپەیمانی عەزمی عێراق ئەندامی پەرلەمانە.
لە ساڵی 2009 پەیوەندیی بە بەرەی ویفاقی سوننەکانەوە کردووە، لە ئابی ساڵی 2015 لە قەزای ئەبوغرێب رووبەڕووی هەوڵێکی تیرۆرکردن بووە و بەشێک لە پاسەوانەکانی برینداربوون.
لە 20ـی ئابی 2019، پەرلەمانی عێراق پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە هەڵگرت دوای ئەوەی کۆمەڵێک سکاڵای لە دژ تۆمارکرا، دواتر دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ فەرمانی دەستگیرکردن و قەدەخەکردنی گەشت و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی دا.
بەرپرسی نووسینگەی بەغدای هاوپەیمانی حەسمە کە لەلایەن ئوسامە نوجێفییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لەلایەن هاوپەیمانی حەسمەوە بە یەکێک لە بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ناسێندراوە.
سالم عیساوی

سالم مەتەر عەبد حەسەن عیساوی، سیاسەتمەدارێکی لەدایکبووی 1972ـی عێراقییە، بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی مەعاریفی ئیسلامی لە فەللوجە لە ساڵی 2014 بەدەستهێناوە، لە ساڵی 2010 تاوەکو 2014 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بووە، لە خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق (2014-2018) ئەندامی پەرلەمان بووە و ئێستاش ئەندامی پەرلەمانە.
پێشتر لە بەرەی دیالۆگی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی ساڵح موتڵەگ بووە کە بەشێک بوو لە هاوپەیمانی عێراقییە، گومانی گەندەڵی لەسەرە و چەند جارێک فەرمانی هێنانە پێش دەستەی دەستپاکیی عێراقی هەبووە بەتایبەت بەهۆی دۆسیەی قەرەبووەکانی شاری فەللوجە و دۆسیەی ئاوارەکان.
لەلایەن هاوپەیمانی حەسمەوە بە یەکێک لە بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ناسێندراوە.
مەحموود مەشهەدانی

لە ساڵی 1948 لە گەڕەکێکی زۆرینە شیعی لەدایکبووە، یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی سوننە، پێش ئەوەی ببێتە سیاسەتمەدار لە سوپای عێراق ئەفسەر بووە، دواتر بووەتە پزیشک و لە ساڵی 1972 کۆلێژی پزیشکی تەواوکردووە، بەهۆی ئەوەی دژی شەڕی کەنداو بووە، لە ساڵی 1990 دەستگیرکراوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، دواتر سزاکەی بۆ 15 ساڵ زیندانی کەمکرایەوە.
لە ساڵی 2004 ئەندامی لێژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق بووە، لە ساڵی 2006 تاوەکو 2009 سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبیی کردووە، بووە بە یەکەم سەرۆکی پەرلەمانی دوای رووخانی سەدام حوسێن.
سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی دەعوە و ئیرشاد بووە، دامەزرێنەری بەرەی دیالۆگی نیشتمانی بووە لە ساڵی 2004.
لە 17ـی کانوونی یەکەمی 2008 دەستی لەکار کێشایەوە و 23ـی کانوونی یەکەم پەسندکرا.
لەلایەن هاوپەیمانی حەسمەوە بە یەکێک لە بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ناسێندراوە.
موسەننا سامەڕایی

سیاسەتمەدارێکی سوننەی عێراقییە، ئەندام و سەرۆکی هاوپەیمانی عەزمی عێراقە کە لە هاوپەیمانی سەروەری جیابووەوە.
لە ساڵی 1978 لەدایکبووە، لەساڵی 2018ـەوە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە و نوێنەرایەتی پارێزگای سەڵاحەدین دەکات، سەرۆکی پارتی مەساری مەدەنییە، جگە لەوەی پێشتر سەرۆکی لقی کەڕادە مەریەمی شاری بەغدای بانکی وەرکای ئیسلامی کاری دەکرد، خاوەنی چەندین کار و بازرگانیی خۆیەتی و خاوەنی بانکی وەیفاقی ئیسلامی بووە.
لەو سەردەمەی سەلیم جبووری سەرۆکایەتی پەرلەمانی دەکرد، راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمان بووە.
موسەننا سامەڕایی پێش ساڵی 2014 وەکو بازرگان دەرکەوتبوو، لە ساڵی 2014 خۆی لەسەر شاری سامەڕا و لەنێو لیستی هاوپەیمانی موتەحیدون بە سەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی لە پارێزگای سەڵاحەدین بەربژێر کرد و لە ساڵی 2017 بووە جێگرەوەی پەرلەمانتار موتەشەر سامەڕایی کە بەهۆی خراپی تەندروستییەوە دەستی لەکار کێشایەوە.
خالید عوبەیدی

سیاسەتمەدار و مامۆستای زانکۆ و ئەفسەرێکی پێشووی سوپای عێراقە، وەزیری پێشووی عێراق بووە، خالید موتعەب یاسین عوبەیدی لەدایکبووی ساڵی 1958ـی شاری موسڵە.
لە ساڵی 1982 بەکالۆریۆسی لە ئەکادیمیای ئەندازەی ئاسمانیی لە یۆگسلافیای پێشوو بەدەستهێناوە، ماستەری لە زانکۆی بێلگراد بەدەستهێناوە و ماستەریشی لە زانستە سەربازییەکانی کۆلێژی ئەرکانی عێراقی و دکتۆرای لە زانستە سیاسییەکان هەیە. زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی، رووسی و سڕبی دەزانێت.
لە 18ــی ئۆکتۆبەری 2014 کرا بە وەزیری بەرگریی عێراق، لە ساڵی 2010 خۆی لەسەر لیستی عێراقییە بەربژێرکرد و توانی ببێتە ئەندامی پەرلەمان، لە ساڵی 2014 لەسەر لیستی موتەحیدون خۆی بەربژێرکرد و بووەوە بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
زیاد جەنابی

زیاد تاریق عەبدوڵڵا، لەدایکبووی ساڵی 1977، بەرپرسی نووسینگە بەغدای حیزبی تەقەدوومە بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی، لە ساڵی 2021ـەوە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە.
سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراقە، هەرچەندە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە و بە یەکێک لە سەرکردەکانی سوننەکان هەژمار دەکرێت، بەڵام هێشتا وەکو پێویست لە نێوەندە سونییەکان نەناسێندراوە و نەیتوانیوە وەکو کەسێکی دیار دەربکەوێت.
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، رۆژی سێشەممە، 21-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو بابەتە لە دوو رۆژی داهاتوو یەکلایی دەبێتەوە، مشتومڕی زۆر لەسەر پۆستەکە هەن، بەڵام پەیوەندیی بە سەرکردەکانی کورد و شیعەکانیشەوە کراوە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستەکە، لە کۆتاییدا دەبێت بە سازانی لایەنەکان یەکلایی بکرێنەوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد هێشتا لایەنە شیعییەکان بەتەواوەتی خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە دەنگ بە کام لەو بەربژێرانە دەدەن کە ناویان دەبرێت، ئەوە دەمێنێتەوە بۆ رۆژی چوارشەممە و لە پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان یەکلایی دەکەنەوە.
حیزبی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، دوای بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بە کۆتاییهاتنی ئەندامێتیی محەممەد رێکان حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کۆبووەوە و بڕیاریدا وەزیرەکانی لە حکومەت و پەرلەمانتارانیان لە پەرلەمان و سەرۆکایەتیی لیژنەکانی پەرلەمان دەستلەکاربکێشنەوە.
سەرکردایەتیی حیزبی تەقەدووم ئەم بڕیارانەیان دا:
1- بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
2- دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەرانی حیزب لە حکومەتی فیدراڵی کە بریتین لە
- د. محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلادانان
- د. خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان
- د. ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار
3- دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەرانی حیزب لە سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی لیژنەکانی پەرلەمان.
4- بایکۆتی سیاسیی ئەندامانی حیزب لە دانیشنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ