رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، هەر گۆڕانکارییەک لە ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکانی ئەو وێستگانەی کێشەیان هەبوو رووبدات، کاریگەریی لەسەر بەربژێران دەبێت و رەنگە هەندێک بەربژێر دەربچن.
رۆژی هەینی، 22-12-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەبارەی پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ هەینی پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەردەوام دەبێت، بەشێک لە پارێزگاکان تەواو دەبن ئەوانەی ژمارەی ئەو سندوق و وێستگانەیان کەمبوون کە کێشەیان هەبوو".
دەشڵێت، "بەڵام لە بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەش تاوەکو سبەی شەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، لەنێویاندا دەنگ و وێستگەکانی پارێزگای بەغدا بە هەردوو بەری کەرخ، رەسافە، دیالە و نەینەوا".
عیماد جەمیل گوتیشی، تائێستا هەژمارکردنەوە و جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان جیاوازیی لەگەڵ ژماردنی ئەلیکترۆنیدا نەبووە، بەڵام بە گوتەی ئەو "ئەو رێژە دەنگەی مابوو کە 5.6٪ـە، رەنگە کاریگەریی لەسەر دەنگی بەربژێران هەبێت."
رۆژی 19ى کانوونى یەکەمى 2023 کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە کە لە 15 پارێزگادا کرا، رۆژی 20ـی مانگ کۆمیسیۆن ئەنجامی 94.4٪ـی دەنگەکانی راگەیاند و ئەوانی دیکەی ماونەتەوە بەدەست هەژماردەکرێن و جیادەکرێنەوە و وردبینی دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ