رووداو دیجیتاڵ
ناکۆکیی سیاسی لەنێوان لایەنەکانی پارێزگای نەینەوا، بەشێکی زۆری بەرپرسە کارگێڕییەکانی لە شوێنی خۆیان هێشتووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی ماوەی یاساییان تەواوبووە و سەرۆکوەزیرانیش دەسەڵاتی گۆڕانکاری داوە.
جەمال شەشۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 22-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشێکی زۆری بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی پارێزگاکە و بەڕێوەبەری ناحیەکان پێویستە بگۆڕدرێن."
"دەستوەردانی سیاسی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی راگرتووە"
شەشۆ ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری سەرۆکوەزیران هەیە کە هەر بەڕێوەبەرێک چوار ساڵ لە پۆستەکەیدا بووبێت دەبێت بگۆڕدرێت، بەڵام "دەسەڵاتی حیزبەکان و دەستوەردانی سیاسی" بوونەتە هۆی جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە لە نەینەوا.
هەوڵەکان بۆ گۆڕانکاری بەردەوامن. رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی، بە رووداوی گوت، "هەردوو لایەنی نەینەوای ئایندە و بابلیون، واژۆیان کۆکردووەتەوە تاوەکو کات دیاریبکەن بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا و گۆڕینی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەکان."
بە گوتەی سمۆ، پۆستەکان بەپێی پشکی لایەنەکان دابەش دەکرێن و گۆڕانکارییەکان فەرمانگەکانی کارەبا، تەندروستی، وەبەرهێنان و زۆربەی فەرمانگەکانی دیکە دەگرێتەوە.
هاوکات دوو پۆستی باڵا لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە بەتاڵی ماونەتەوە، کە جێگری یەکەمی پارێزگار و یاریدەدەری پارێزگار بوون، دوای دەرچوونیان وەک بەربژێری براوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان.
"سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا کەسایەتییەکی لاوازی هەیە"
سەبارەت بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی گۆڕانکارییەکان، عەبدوڵڵا نوجێفی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و سەرۆکی حیزبی مەسار، رەخنەی لە سەرۆکی ئەنجوومەن گرت و بە رووداوی گوت، "سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا کەسایەتییەکی لاوازی هەیە و توانای دەرکردنی بڕیارێکی وای نییە."
نوجێفی پێی وابوو، "مانەوەی ئەوانەی ئێستا هەن باشترە، چونکە لایەنەکان متمانەیان بەیەکدی نەماوە."
"ئەنجوومەنی پارێزگا کۆدەبێتەوە"
محەممەد جاسم کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە هیچ بەڕێوەبەرێک نەگۆڕدراوە و گوتی، "سبەی سێشەممە 23-12-2025، ئەنجوومەنی پارێزگا کۆدەبێتەوە و ئەم پرسە یەکێک دەبێت لە تەوەرە گرنگەکان."
غەزوان داودی، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک، بە رووداوی گوت: "لە سەرەوە ئاراستە کراون، تاوەکو بەڕێوەبەری فەرمانگە و ناحیەکان بگۆڕن."
غەزوان داودی گوتیشی، "لە 31 یەکەی کارگێڕی لە نەینەوا، زۆربەیان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، "بۆ نموونە ناحیەی زوممار و بەرتەلە و حەمدانییە کە پشکی پارتی بوون، بەڕێوەبەرەکانیان گۆڕدران."
لە 1ی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەرۆکی 20 یەکەی کارگێڕی گۆڕی، بەڵام ھاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو و فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد و لە دژی گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکان بە زۆرینەی دەنگی ھاوپەیمانیی نەینەوای ئایندە کران.
لەسەر سکاڵای ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، عەبدولقادر دەخیل لە 7ـی نیسان لەلایەن دادگەوە بانگھێشتکرا بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی "رێگری لە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی تایبەت بە دەنگدان لەسەر گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی نەینەوا."
26ی کانوونی یەکەمی 2024 دادگەی کارگێڕی سکاڵای 7 قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی لە نەینەوا رەتکردەوە، کە لە دژی لابردنیان لە پۆستەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە، تۆماریان کردبوو. چواری ئاداری 2025، دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی پارێزگاری نەینەوای لە دژی ئەو گۆڕانکارییانە رەتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ