رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی نەوتی عێراق و کۆمپانیای نەوتی هیلالی ئیماراتی سەردانی کێڵگەکانی گازی گەلابات- گومەر و خەشم ئەحمەریان کرد تاوەکو دەست بە ئامادەکارییەکان بۆ بەرهەمهێنان لەو دوو کێڵگەیەدا بکرێت.
عەلی فەیسەڵ، بەڕێوەبەری بەشی کاروباری مۆڵەتی کارکردنی نەوتی دەڵێت، "دوو گرێبەست لەم ناوچەیە هەن. یەکەم، گرێبەستی گەلابات گومەرە؛ دووەم، گرێبەستی خەشم ئەحمەر- ئینجانەیە. ئێمە لە سەردانێکداین بۆ ئەم کێڵگانە و کاتی یەکخستنی هەوڵەکانە بۆ ئەم پڕۆژانە".
کێڵگەی گەلابات – گومەر، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قەرەتەپە لە باشووری رۆژئاوای قەزای کفری کە بەپێی دەستووری عێراق ناوچەیەکی جێناکۆکە.
کەریم مەلا شوکر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و نوێنەری کورد لە قەزای خووماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نابێت حکومەتی فیدراڵی تاکلانە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی نەوتی ناوچە جێناکۆکەکان بکات، بەڵکو پێویستە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگ بێت لە بەڕێوەبردنی ئەو کێڵگانە تاوەکو یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەردەچێت.
محەممەد یاسین، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی وەسەت ئاماژە بەوە دەکات: "لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە، لیوای چواری پۆلیسی وزە لە خەشم ئەحمەرین بۆ رووپێوکردن و دەستکردن بە کاری نەوتی، بۆ دامەزراندنی دامەزراوەی دەرهێنانی گاز".
کۆمپانیای هیلالی ئیماراتی لە گەڕی پێنجەمی گرێبەستەکاندا پەرەپێدانی ئەو کێڵگانەی بەدەستهێناوە.
محەممەد مەهدی، نوێنەری کۆمپانیای هیلالی ئیماراتی دەڵێت، "سەردانەکە بۆ دانانی خاڵ بووە لەسەر پیتەکان بۆ ئامادەکارییە لە خەشمی ئەحمەر و ئینجانە. هیوادارین بە زووترین کات دەستبەکار بکەین، چونکە ئەمە بەرهەمهێنانی گاز و نەوتە لە پارێزگای دیالە، بەوپێیەی ئەمە یەکەمجار دەبێت لە پارێزگای دیالە."
وەزارەتی نەوتی عێراق لە 29ی ئاداری 2018 گەڕی مۆڵەتی کارکردنی بۆ دۆزینەوە و پەرەپێدانی 11 کێڵگەی نەوتی بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان رێکخست، رۆژی 26-04-2018 وەزارەتی نەوت رایگەیاند، کۆمپانای هیلالی ئیماراتی گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەکانیی گەلابات –گومەر و خەشەم ئەحمەر- ئینجانە-ی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ