رووداو دیجیتاڵ
کەشتیی گواستنەوەی دەریایی "بەسرە" گەیشتووەتە ناو بەندەرەکانی عێراق، دوای ئەوەی گەشتە دەریایییەکەی بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێنا.
رۆژی دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کەشتییە دوێنێ گەیشتووە و خۆراکی هەڵگرتووە، پرۆسەی گەشتە بازرگانییەکان لە دەریا بەردەوامە".
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، "لەبەر هەستیاری دۆخەکە، ناتوانین وردەکاری هاتووچۆ و گەیشتنی کەشتییەکان ئاشکرا بکەین".
هەر لەوبارەوە، ئەحمەد جاسم ئەسەدی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی عێراق، رایگەیاند، کۆمپانیاکە زۆر بە وردی کار دەکات بۆ پاراستنی سەلامەتیی تیمی دەریایییەکان و کەشتییەکانی. بەردەوام و لە ماوەی 24 کاژێردا چاودێری وردی جووڵەی کەشتییەکان دەکەن بەپێی بەرزترین پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتیی دەریایی.
ئەسەدی باسی لەوەش کرد ، ئەو هەوڵانە بە مەبەستی زامنکردنی ئاسایشی دەریاوانی و پاراستنی کارمەندەکانیانە لە هەموو جۆرە بارودۆخێکی جیاوازدا، بۆ ئەوەی گەشتە بازرگانی و دەریایییەکان بە بێ هیچ گرفتێک بکرێن.
لە 2ی ئادارەوە بەهۆی جەنگەوە، گەرووی هورمز لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە رووی کەشتییە بارزگانییەکان و کەشتییەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی داخراوە، بەو هۆیەوە نرخی سووتەمەنی و بەشێک لە کاڵا و خۆراکەکان لەسەر ئاستی جیهان بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ