سوودانی: کێشەی سەرەکیمان پێشێلکردنی ئاسمانەکەمانە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا کۆتایی بە ئەرکەکانیان لە عێراق بهێندرێت. دەشڵێت: "کێشەی سەرەکیمان ئێستا پێشێلکردنی ئاسمانی عێراقە لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکا و مووشەک و درۆنەکانی ئێرانەوە."
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "کۆریێری دێلا سێرا"ی ئیتاڵی، دوایین پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکەی خستەڕوو.
 
سوودانی ئاشکرای کرد کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی پێش وادەی دیاریکراو و لە مانگی ئەیلوولی 2026دا، کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق بهێندرێت. گوتیشی: "هەندێک گرووپی چەکدار بوونی هێزە بیانییەکان بە داگیرکاری دەبینن، بۆیە بڕیارمان داوە کۆتایی بەو ئەرکە بهێنین."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد و بە "پێشێلکارییەکی روونی سەروەری" ناوی برد. جەختیشی کردەوە کە عێراق نایەڵێت خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەی هێزە دەرەکییەکان، بەڵام گوتیشی، گەورەترین کێشەی ئێستایان بەکارهێنانی ئاسمانی عێراقە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و مووشەک و درۆنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
 
سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوودانی هۆشداری دا کە ناوچەکە بە قۆناخێکی "زۆر مەترسیدار"دا تێدەپەڕێت و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لە ئارادایە. 
 
سوودانی ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبەزێنێت و گوتی: "کێشەی فەڵەستین هۆکاری بنەڕەتیی هەموو ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکەیە."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگ کرد، هۆشداری دا کە بەردەوامیی ئاڵۆزییەکان مەترسی بۆ سەر دامەزراوەکانی نەوت و گاز دروست دەکات. هاوکات ئامادەیی عێراقی دەربڕی بۆ گێڕانی رۆڵی نێوەندگیر لەنێوان تاران و واشنتن و گوتی: "بەهۆی پەیوەندییە باشەکانمان لەگەڵ هەردوو لا، دەتوانین رۆڵی کاریگەر بگێڕین."
 
سوودانی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە هیچ مەترسییەک بۆ گەڕانەوەی تیرۆر یان هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی لە عێراقدا نییە و دەوڵەت کۆنترۆڵی بارودۆخەکەی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە