رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق پلانی ئەمنی و لۆجیستی بۆ وەرزی حەجی ئەم ساڵ رادەگەیێنێت. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتەکە دەڵێت، ئەم ساڵ عێراق دەبێتە رێڕۆی وشکانیی حاجییانی وڵاتانی دراوسێ بەرەو سعودیە و، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە کاروانی حاجییان دەپارێزن.
رۆژی پێنجشەممە 23ی نیسانی 2026، لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "وەرزی حەجی ئەم ساڵ جیاواز دەبێت لە ساڵانی رابردوو؛ جگە لە حاجییانی ناوخۆ، ئەم ساڵ حاجییانی وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران و تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە، رێگەی وشکانیی عێراق وەک رێڕەو بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە سعودیە."
سەبارەت بە رێکارە ئەمنییەکان، لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاند، چەندین لیوای سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی بۆ پاراستنی رێگەی کاروانەکان جێگیرکراون. گوتیشی، "جگە لە هێزە زەوینییەکان، هێلیکۆپتەری سوپا لە ساتەوەختی بەڕێکەوتنی کاروانەکان تاوەکو گەیشتنیان بە سنوورەکانی سعودیە، بە ئاسمانەوە چاودێری و پارێزگاری لە حاجییان دەکەن."
خەفاجی ئاماژەی بە چەند رێکارێکی دیکەش کرد، لەوانە مەفرەزەکانی بەرگریی شارستانی، تیمە پزیشکییەکان و وێستگەی پشوودان لە سەرجەم رێگەی کاروانەکان جێگیرکراون. هەروەها تیمی گەڕۆکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دابینکراون بۆ ئەوەی لە کاتی هەر پەککەوتنێکدا دەستبەجێ هاوکاریی کاروانی حاجییان بکەن.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەشڵێت، سەرجەم بازگەکان فەرمانیان پێکراوە کە "بە هیچ شێوەیەک کاروانی حاجییان دوانەخەن و لە زووترین کاتدا رێکارەکان تەواو بکەن، تاوەکو حاجییان بەبێ ماندووبوون بگەنە جێی مەبەست."
ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە و هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە
بە گوتەی لیوا تەحسین خەفاجی ماوەی مانگ و نیوێکە هێزە ئەمنییەکان دەستیان کردووە بە ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە و پشکنینی بیابانەکان و رێگە سەرەکییەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی ئەو ناوچانە لە هەر مەترسییەک.
لەبارەی هاوئاهەنگییان لەگەڵ پێشمەرگەش تەحسین خەفاجی گوتی، "هاوئاهەنگی تەواو لەنێوان وەزارەتی بەرگری، ناوخۆ، دەزگا ئەمنییەکان و هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە، بەتایبەت بۆ ئەو حاجییانەی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و باکووری عێراقەوە بە رێگەی وشکانی بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون."
ئەم ساڵ سەرجەم کاروانی حاجییانی عێراق و بەشێکی وڵاتانی ناوچەکە لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون. بڕیارە یەکەم کاروانی حاجییانی عێراق لە 25ی ئەم مانگە و حاجیانی هەرێمی کوردستان لە 6ی مانگی داهاتوو بەڕێبکەون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ