وەزارەتی نەوتی عێراق: تێبینی و رێگریمان نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان

23-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند؛ هیچ رێگری و تێبینییەکیان نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بەڵام دەڵێت مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەبێ پرسی ئەوان "نادەستوورییە".
 
ئەمڕۆ هەینى 23ـی ئایارى 2025، وەزارەتى نەوتى عێراق لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند: "هەمیشە هەوڵ دەدەین و پێشوازیکارین لە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانى ئەمریکا بۆ پەرەپێدان بە کێڵگەکانى نەوت و گاز لە رێگەى پەیوەندى و گرێبەستى راستەخۆ، کە دەستوور و بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى بڕیارى لەسەر داوە."
 
راگەیێندراوەکەی وەزارەتى نەوتى عێراق دواى ئەوە هات کە رۆژی 19ـی ئایارى 2025 ، لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەست لە بواری وزەدا، بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای  ئەمریکی بە ناوەکانی وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کران.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق پێشووتر رایگەیاندبوو، رێکارەکانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان رەتدەکەنەوە. 
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانیش لە وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندبوو: "ئەو دوو رێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros کردوویەتی، رێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵکوو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە."
 
ئەمڕۆ هەینی، لە بەشێکى دیکەى راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "وەزارەتى نەوت هیچ رێگری و تێبینییەکى نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە ئەوە نەبێت کە راستەخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان بەدەر لە حکومەتى فیدراڵى و کەناڵە فەرمییەکانى،  کە ئەوە پرسێکە پێچەوانەى دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانە".
 
وەزارەتى نەوتى عێراق  لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، گرێبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانى ئەمریکا لە کەرتەکانى دیکەى نەوت بەردەوامە، وەک هەڵکەندنى بیرە نەوت و خزمەتگوزارى نەوتی و راوێژکارى.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە