مەسرور بارزانی جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لە گرنگیی هاوئاهەنگیی باڵا و هاوکاریی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.
 
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق "بابەتە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان، جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا و کارەکانی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی هاوئاهەنگیی باڵا و هاوکاریی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ئیدارەدانی بابەتە تەکنییەکان، لابردنی ئاستەنگییەکان و چارەسەرکردنیان بەگوێرەی یاسا و دەستوور."
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، عەلی فالح زەیدی "پەرۆشیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان نیشان دا" و رایگەیاند، ''هەمووان لەم نیشتمانەدا هاوبەشن؛'' ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی حکومەتەکەی گەیشتنە بە رێککەوتنێک کە بەرژەوەندییەکانی وڵات و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەدیبهێنێت.
 
لای خۆیەوە مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە عەلی فالح زەیدی کردەوە بەبۆنەی وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان و بوون بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە کابینە وەزارییەکەی دەکات و "جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان بەگوێرەی دەستوور کردەوە."
 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی کۆبوونەوەکە، مەسرور بارزانی وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕیوە بۆ سەرخستنی حکومەتەکەی لەپێناو خزمەتکردنی گشت پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق بێ جیاوازی.
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کردەوە."
 
 
هاوکات، وەک لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی مەسرور بارزانی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە هەموومان هاوبەشین لەم وڵاتەدا و ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکان، گەیشتن بە رێککەوتن و خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتەکانە بێ جیاوازی."
 
مەسرور بارزانی ئەمڕۆ شەممە گەیشتە بەغدا و بە جیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای دیکەی لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش کۆبێتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "لە کۆبوونەوەکاندا وێڕای گفتوگرکردن لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ دەکرێ."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە