رووداو دیجیتاڵ
دوو کەس لەو گەشتیارانەی کە بەهۆی تۆپبارانەکەی سنووری زاخۆوە گیانیان لەدەستدا خەڵکی کەربەلان، یەکێکیان عەباسی تەمەن 24 ساڵ بوو و، سێ رۆژ بوو ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو، لەگەڵ ژنەکەی بۆ بەسەربردنی مانگی هەنگوینی چووبوونە زاخۆ. ئەوی دیکەیشیان عەلی سەباح بوو کە تەمەنی 43 ساڵ بوو و، کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ بووە.
زەید ساڵح، خوشکەزای عەباس کەرخی بە رووداوی گوت: "کاتێک هەواڵەکەمان پێگەیشت باوەڕمان نەکرد، زۆر بەداخەوە سەروەریی عێراق بەمشێوەیە پێشێل دەکرێت. بەردەوام گوێمان لە سەرۆکوەزیران دەبێت کە سەرکۆنەی هێرشەکەی پارێزگای دهۆک دەکات و داوا لە تورکیا دەکات داوای لێبووردن پێشکێش بکات، واتا سەرۆکوەزیران تەنیا بە داوای لێبووردنێک لە خوێنی شەهیدان خۆش دەبێت کە ژن و منداڵ بوونە قوربانی. شکۆی عێراقییەکان تەنیا بە داوای لێبووردنێک چارەسەر دەبێت؟"
عەلی سەباح تەمەن 43 ساڵ، کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ بوو، ئەویش لە هەمان رووداو گیانی لەدەستدا. نیازی بوو چاوەکانی چارەسەر بکات کە لە ئەرکدا زیانی بەرکەوتبوو، لەگەڵ کەسوکارەکەی لە سەیرانگەکەدا بووە قوربانی.
جەواد کازم، خاڵی عەلی سەباح باس لەوە دەکات: "عەلی بۆ گەشت و سەیران خێزانەکەی بردە دهۆک و نیازی هەبوو هەر لەوێ چارەسەری پزیشکی بۆ چاوی وەربگرێت، کە پێشتر لە رووداوێکدا لە کاتی ئەرکی فەرمیدا برینداربوو. ئێمەش چاوەڕێی چارەسەرکردنی چاوەکانی بووین، کەچی بەداخەوە شەهید بوو بەهۆی تۆپبارانەکە کە خەڵکی سڤیلی کردە ئامانج. وەک دەبینن ئێستا لە پرسەکەیدا وەستاوین."
لە مزگەوتی "ئەمیرولموئمینین" لە پارێزگای کەربەلا کەسوکاری عەباس و عەلی پرسەیەکی هاوبەشیان داناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ