سوودانی بۆ بانکی ناوەندی: ئەوانەی دۆلاریان گران کڕیوە قەرەبوویان بکەنەوە

23-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بانکی ناوەندی راسپارد، ئەو هاووڵاتی و کۆمپانیایانە قەرەبووبکاتەوە کە دۆلاریان گرانتر لە نرخی فەرمی لە بانکەکان کڕیوە. 
 
بە گوێرەی رێنماییەکە، ئەو بانک و کۆمپانیایانەی دۆلاریان گرانتر لە نرخی فەرمی فرۆشتووە، پارە زیادەکەیان لێ وەردەگیرێتەوە و دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو هاووڵاتی و کۆمپانیانەی کە لێیانی کڕیوە. 
 
ئەم رێنماییە دوای کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ عەلی موحسن عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق هات کە تیێدا راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی بانکەکە بەشدار بوون و گفتوگۆ لەسەر رێوشوێنەکانی جێگیرکردنی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار و پلانەکانی بەهێزکردنی کەرتی بانکیی کرا، ئەمە وەک راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی دەکات. 
 
راگەیێندراوەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسانی بانکی ناوەندی روونکردنەوەیان بە سوودانی داوە لەسەر ئەو "ئاسانکاریانەی کە بانکی ناوەندی پێشکێشیان دەکات بۆ ئەوەی بازرگانە بچووکەکان و هاووڵاتییە هاوردەکارەکان بتوانن پارە بۆ هاوردەکانیان دابینبکەن بێ ئەوەی پێویستیان بە دامەزراندنی کۆمپانیا بێت."
 
سوودانی بانکی ناوەندیی راسپاردووە کە "هەوڵی زیاتر بدات بۆ ئاسانکردنی رێوشوێنەکان بۆ هاوڵاتییان،" هەروەها "جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کرایەوە کە تایبەتە بە پێدانی قیستی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، لە رێگەی مۆڵەتدان بە هاووڵاتیان تاوەک بتوانن بە دیناری عێراقی پارەی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون بدەن کە پێشتر بە دراوی بیانی کڕیویانە،" ئەمە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە. 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، "سوودانی فەرمانی کردووە بە جێبەجێکردنی مادەی 48ی یاسای بودجەی فیدڕالی، بۆ یەکخستن و ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی باج." 
 
هاوکات، پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەکەدا ئاشکرایکردووە کە لە رێگەی بانکە رێگەپێدراوەکان لە پارێزگەی نەینەوا، دەست بە فرۆشتنی دۆلاری کاش دەکەنەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە