رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق مۆڵەتیان بە 11 حیزب داوە بەو مەرجەی پێویستییەکانیان دامەزراندنیان تەواوبکەن. دەشڵێت، 76 حیزبی نوێ داواکاریان پێشکەشکردووە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بکەن.
رۆژی یەکشەممە، 23-7-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە رایگەیاند: "پێشتر وادەی 18-11-2023 لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرابوو، بەڵام ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێیانوابوو ئەو هەڵبژاردنە ناتوانرێت لەو کاتەدا بکرێت، چونکە وادەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر چۆنایەتی هەڵبژاردنەکە دەبوو و دەبووە هۆکارێک بۆ لەدەستدانی زۆر پێوەری نێودەوڵەتی."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کۆمیسیۆن وادەیەکی نوێی خستووەتە بەردەم سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە رۆژی 18-2-2024 یان وادەیەکی دیکەی دوای ئەوەیە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش باسی لەوەکرد، کۆمیسیۆن مۆڵەت بە 11 حیزبی سیاسیی بەمەرجی تەواوکردنی رێکارەکانی دامەزراندنی حیزب داوە، جگە لە پەسندکردنی ناوی ژمارەیەک حیزبی دیکە.
لەبارەی تۆمارکردنی حیزب و هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان ئەوانەی ئارەزووی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەیە، گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاشکرایکرد: "لە ساڵی 2015 281 حیزب دامەزراون و تۆمار کراون، ئێستاش 76 حیزب داواکاریان پیشکەش کردووە، جگە لە 11 هاوپەیمانی نوێ کە لە دامەزراندایە و شەش هاوپەیمانی دیکە کە ئارەزوویان بۆ بەردەوامبوون نیشانداوە."
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەبارەی تۆمارکردنی دەنگدەرانی نوێ و تۆماری بایۆمەترییەوە گوتی: "نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە رۆژی 9ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو رۆژی 23-7-2023، 176 هەزار و 406 دەنگدەر لە تۆماری دەنگدەرانی گشتی داتاکانیان نوێکردووەتەوە و 407 دەنگدەریش لە تۆماری تایبەت."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد هەزار و 79 بنکە بۆ تۆمارکردنی دەنگدەران لە عێراق کراونەتەوە و داتای دەنگدەران نوێ دەکەنەوە، لەنێویاندا لەدایکبووانی ساڵانی 2004 و 2005 ئەوانەی بۆ یەکەمجارە دەنگدەدن، جگە لە چەندین تیمی گەڕۆک کە کارییان دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەنگدانە.
بڕیارە لە 18ى کانونى دووەمی 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ