لێکۆڵینەوە لە سێ تریلیۆن دیناری پارەی ئاسایشی خۆراکی نەینەوا دەکرێت

23-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گومانی گەندەڵی لە سێ تریلیۆنی تەرخانکراو بۆ پارێزگای نەینەوا لەچوارچێوەی یاسای ئاسایشی خۆراکی عێراق لە ساڵی 2022دا هەیە و بۆ ئەوە مەبەستە لیژنەیەکی پەرلەمانی داوای وردەکاریی خەرجکردنی ئەو پارەیە دەکات.
 
رۆژی یەکشەممە، 23-7-2023، شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەوەی گومانی گەندەڵی لەو پارانە هەیە کە لە چوارچێوەی ئەو یاسایە بۆ پارێزگای نەینەوا خەرجکراون، بۆیە داوای وردەکاریی پڕۆژەکان بە داتا و ژمارە لە پارێزگای نەینەوا کراوە."
 
شێروان دووبەردانی نەیشاردەوە کە گومانی گەندەڵی لەو پارە تەرخانکراوانە بۆ ئەو پڕۆژانە هەیە، بەڵام گوتیشی: "ئێستا شەڕێکی سیاسیی لەنێوان لایەنەکان بەتایبەت لە پارێزگاکانی وەکو نەینەوا و چەند پارێزگایەکی دیکە دروستبووە و پەیوەندیی بە ناکۆکیی سیاسی و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە هەیە."
 
بەپێی نووسراوێک کە خالید عوبەیدی، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە و واژۆی عەلی جاسم حمێداویی سەرۆکی لیژنەکەیانی لەسەرە و ئاڕاستەی نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا کراوە؛ تێدا داواکراوە بەپێی رۆڵی چاودێریی پەرلەمان و بەپشتبەستن بە بڕگەی دووەمی مادەی 61ـی دەستووری عێراق داواکراوە سەرجەم وردەکاریی ئەو پڕۆژانەیان بۆ بنێرن کە لەچوارچێوەی یاسای پشتیوانیی فریاگوزاریی ئاسایشی خۆراکی ساڵی 2022 خەرجکراوە و چۆنێتی رەوانەکردنی پڕۆژەکان و مێژووەکانیان و بڕە پارەکانیان و ئەو کۆمپانیایانەی پڕۆژەکانیان بۆ دەرچووە بۆ بنێرن.
 
رۆژی 9ى حوزەیرانى 2022، پەرلەمانى عێراق پێشنیازەیاساى پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدانى پەسند کرد، کە بودجەکەى 25 تریلیۆن دینار بوو، ئەوەش وەکو جێگرەوەى بودجەى گشتیى ئەو ساڵە بوو.
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە