ئەنجوومەنی دەوڵەت داهاتی رادەستکراو دەکاتە 100 ملیار، قەرزی کۆن بەربەستى بەردەم پرسی نەوتە

23-09-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت بێت، داهاتی نانەوتیی رادەستکراوی هەرێمی کوردستان دەگاتە زیاتر لە 100 ملیار دینار و پێشبینى دەکرێت ئەو پرسە لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێبکرێت، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان بەغدا و هەولێر، قەرزی کەڵەکەبوو یەکێکە لە بەربەستەکان کە تاوەکو ئێستا هەندێک لە کۆمپانیاکان نەچوونەتە ژێر باری واژۆکردنی رێککەوتنێکی سێقۆڵی لەبارەی نەوتەوە.
 
بۆچوونی یاسایی ئەنجوومەنی دەوڵەت لە 22ى ئەیلوولی  2025 لەبارەی رێژەی داهاتی نانەوتیی رادەستکراوی هەرێمی کوردستان، دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدای لەسەر ئەو پرسە گەیاندە قۆناخێکی دیکە.
 
بەگوێرەی یاسای ئەنجوومەنی دەوڵەت، ئەو بۆچوونە راوێژکاری دەبێت و جێگەی پابەندبوون نابێت، بەوپێیەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران داوای لێکردبوون نەک ئەوەى دوو لایەنی ناکۆک پەنایان بۆ بردبن بۆ دادبینییان.
 
بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت وابووە کە لەسەر بنەمای هەردوو یاسای بودجەی گشتی، کارگێڕی دارایی دەبێت رسوومات و باجی گومرگ، کرێی موڵکی دەوڵەت و فرۆشتنی بەتەواوی رادەستی وەزارەتى دارایی فیدراڵ بکرێت، بەڵام داهاتەکانی دیکەی دەروازە سنوورییەکان جگە لە گومرگ 50%ی بۆ هەرێمی کوردستان بێت.
 
100%ی داهاتە ناوخۆییەکانی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی کە بەگوێرەی یاسا خۆجێییەکان دیاریکراون بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت، داهاتە فیدراڵییەکانیش بۆ بەغدا دەگەڕێتەوە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی کارکردن بەو بۆچوونەی ئەنجوومەنی دەوڵەت، بڕی ئەو داهاتەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت رادەست بکرێت، مانگانە دەگاتە زیاتر لە 100 ملیار دینار.
 
رووداو زانیویەتی، بڕیارە ئەو بۆچوونەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق گفتوگۆی لەسەر بکرێت بۆ زانینی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە یان بڕیاردان لەبارەیەوە.
 
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بکات، کۆبوونەوەکە 16 بڕگەیە، بەڵام تاوتوێکردنی پرسی بۆچوونەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەتی تێدا نییە.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەگەر پێویست بکات ئەو پرسە بە دۆسیەی لەناکاو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باس دەکرێت، یان دەکرێتە پاشکۆی کارنامەی کۆبوونەوەکە."
 
رێژەی داهاتی نانەوتی و رادەستکردنی نەوت بۆ هەناردەکردن، دوو پرسی سەرەکین بۆ ناردنى مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی تەممووز نەنێردراوە.
 
22ی ئەیلوولی 2025، بەشێک لە کۆمپانیاکانی نەوت رەشنووسی رێککەوتنێکی سێقۆڵیان لەگەڵ وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و سامانە سرووشتییەکان واژۆ کرد، بەڵام بڕیارە گۆڕانکاری دیکەی تێدا بکرێت بەر لەوەی سەرجەم کۆمپانیاکان واژۆی بکەن.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستاندنەکانی تایبەت بە پرسی نەوت بە رووداوی راگەیاند: "هەندێک لە کۆمپانیاکان بە ئۆنلاین واژۆیان لەسەر رەشنووسی رێککەوتنەکە کردووە کە چوار پەڕەیە، بەڵام هەندێک لە کۆمپانیاکان ماون واژۆی بکەن."
 
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستاندنەکان بە ئاژانسی رۆیتەرزیان گوتووە، گەورەترین بەرهەمهێنەری نێودەوڵەتیی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات، کۆمپانیای DNOـی نەرویجی و هاوبەشەکەی، گەنەڵ ئێنێرجی، هێشتا بە تەواوی بە مەرجە پێشنیازکراوەکان رازی نەبوون.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو یەکێک لە تێبینی کۆمپانیاکان قەرزە کەڵەکەبووەکانیانە کە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە، کە تائێستا بەغدا نەچووەتە ژێر باری دانەوەی، بڕیارە ئەو پرسە دوای قۆناخی رادەستکردنی نەوت و هەناردەکردنی یەکلا بکرێتەوە.
 
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە مەبەستی هەناردەکردنی لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "بەرهەمی ئێستای کۆمپانیاکانی نەوت گەیشتووەتە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە