رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەڵێت، بەغدا و هەولێر نزیکن لە واژۆکردنی رێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، هەناردەکردنەوەی نەوت کاریگەری لەسەر پابەندبوونەکانی عێراق بە بڕیارەکانی ئۆپێک نابێت.
عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئەمڕۆ سێشەممە بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، "لە مانگەکانی رابردوودا هەوڵی جیدی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان بەغدا و هەولێر دراوە، بەرپرسیاریێتییەکی گەورە لە ئەستۆی وەزارەتی نەوت بوو بە نوێنەرایەتیی هەموو فەرمانگە و کۆمپانیاکانی، لەنێویاندا کۆمپانیای سۆمۆ، هەروەها وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و لایەنێکی دیکەی گرنگیش کە کۆمپانیا جیهانییە بەرهەمهێنەرەکانی نەوتن لە هەرێمی کوردستان، ئەوانیش بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان".
عەلی نزار گوتی،"رێککەوتنەکە گەیشتووەتە قۆناخەکانی کۆتایی، چونکە گەیشتووینەتە میکانیزمێکی تۆکمە بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە و هەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت." گوتیشی "چاوەڕوانی رێکارەکانی هەناردەکردنین دوای کۆتاییهاتنی هەموو وردەکارییەکان، هەندێک لە بابەتەکانیش بە نووسراو پشتڕاست دەکرێنەوە و تۆمار دەکرێن."
سەبارەت بە داواکاریی کۆمپانیاکان، عەلی نزار گوتی: "کۆمپانیا جیهانییەکان پێویستیان بە دڵنیایی هەیە سەبارەت بە پێدانی شایستە داراییەکانیان دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، کۆمپانیاکەمان کاری کردووە بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەو کۆمپانیایانە و بەمزووانە دوای واژۆکردنی فەرمیی رێککەوتنەکە، حکومەت وادەی هەناردەکردنەوە رادەگەیێنێت".
بەڕێوەبەری سۆمۆ بە رووداوی راگەیاند، "هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نابێتە رێگر لە بەردەوامبوونی عێراق لە پابەندبوونەکانی بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەگەڵ ئۆپێک، بەگوێرەی ئەو بڕانەی کە لەلایەن رێکخراوەکەوە بڕیاریان لەسەر دراوە."
بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، پلانی سەرەتایی ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە لانیکەم 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکات، لە کاتێکدا دەتوانێت 50 هەزار بەرمیلی دیکە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی بەکاربهێنێت.
بەپێی میکانیزمە نوێیەکە، بازرگانێکی سەربەخۆ پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەڕێوەدەبات و بە نرخە فەرمییەکانی سۆمۆ دەیفرۆشێت.
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری 2023ـەوە راگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەی نێوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی (ICC) لە پاریس، بڕیاریدا کە تورکیا بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبووی عێراق بکاتەوە بەهۆی رێگەدان بە هەناردەی "نایاسایی" نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندیی بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ