رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سەنتەری عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە مانگرتن لە خواردن لە بەشێکی گرتووخانەکانی عێراق دەستیپێکردووە و داوای پەسندکردنی رەشنووسی یاسای لێبووردنی گشتی دەکەن. ئەندامێکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت ئاگاداری مانگرتنەکەن و رایگەیاند: "پرۆژەیاساکە دەخرێتە کارنامەی نزیکترین دانیشتنی پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی پەسند بکرێت."
رۆژی دووشەممە، 23-10-2023 عەلی عەبادی، سەرۆکی سەنتەری عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبارەی ئەو مانگرتنەی ئەمڕۆ لە بەشێک لە گرتووخانەکان دەستیپێکردووە، بەتۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند "بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان و ئەو پەیوەندییانەی لە گرتووخانەکانەوە دەکرێ، ئەمڕۆ لە بەشێک لە گرتووخانە سەرەکییەکانی عێراق مانگرتنی زیندانیان دەستیپێکردووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە دەیانەوێت پەرلەمانی عێراق پەلە بکات لە پەسندکردنی رەشنووسی یاسای لێبووردنی گشتی، کە ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر دەکرێت، بەڵام بەهۆکاری سیاسیی دوادەخرێت."
بە گوتەی عەبادی لە گرتووخانەکانی عەدالە، بەسرە، ئەبو غرێب، حلە و سوسێ مانگرتن دەستیپێکردووە، نزیکەی 60 هەزار زیندانی مانیان لە خواردن گرتووە.
بەپێی سەرۆکی ئەو سەنتەرە هۆکاری سیاسیی دیارترین هۆکارە دیارەکانی پشت دواکەوتنی پەسەندکردنی ئەو رەشنووسی یاسایەیە، دەشڵێت: "رەشنووسەکە زۆر گۆڕانکاریی تێدا کراوە، ئەگەر بەو شێوەیە پەسندبکرێت ئەوا نزیکەی 35 هەزار کەس لێی سوودمەند دەبن و ئازاد دەکرێن."
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 10ی ئەیلوولی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقدا گفتوگۆ لەبارەی هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی کرا و لیژنەی یاسایی پڕۆژەیاساکەی رەوانەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.
بەڵام پرۆژەیاساکە لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە جارێکی دیکە گەڕێندرایەوە لێژنەی یاسایی، سوننەکان ئەوپەڕی پێداگری دەکەن بۆ تێپەڕاندنی، چونکە بەشێک لە سەرکردە سوننەکان بە مادەی چواری یاسای تیرۆر لە گرتووخانەکانن.
هەرچەندە تائێستا هیچ ئامارێکی فەرمیی نییە گیراوانی سوننە مەزهەب بە یاسای تیرۆر چەندە، بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتی دادی عێراق ژمارەی گیراوان لە گرتووخانەکانی عێراق زیاتر لە 60 هەزار بەندکراون.
نیسان زایەر، ئەندامی لیژنەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دواکەوتنی پەسندکردنی ئەو رەشنووسی یاسایە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هۆکاری زۆر هەن، لەنێویاندا هۆکاری سیاسی، چونکە لەلایەن بەشێک لە فراکسیۆنە سیاسییەکانەوە تێبینی لەسەرە، هەروەها هۆکارێکی دیکە ئەوەیە یاساکە لەلایەن هەندێک فراکسیۆنی سیاسیی نەقۆزرێتەوە و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارنەهێندرێت."
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "بڕیارە لە نزیکترین کاتدا رەشنووسەکە بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت و دواتر پەسندبکرێت."
ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەوان ئاگاداری ئەو مانگرتنە هەن کە لە گرتووخانەکاندا هەیە و گوتی: "دەزانین مانگرتن لە خواردن دەستیپێکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ