عێراق گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەگەڵ ئەمریکا، ئوسترالیا و مالیزیا دەکاتەوە

23-11-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق دەیەوێت گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەگەڵ هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئوسترالیا و مالیزیا بکاتەوە. 
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 23-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای دابینکردنی فڕۆکەی نوێ بۆ هێڵی ئاسمانی عێراقییە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بەنیازە گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکاتەوە. دەشڵێت، بەم نزیکانە گەشتی راستەوخۆ لەگەڵ مالیزیا دەستپێدەکات، هەرچی ئەمریکا و ئوسترالیایە، لێکۆڵینەوە و کاری جدی دەکەن، ئەگەر سوودی بۆ عێراق هەبێت، ئەوا گەشتی راستەوخۆ بۆ ئەو دوو وڵاتە دەکەنەوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە لە رۆژی 10-11-2023ـوە گەشتی راستەوخۆی ئاسمانیی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەڵمانیا و دانیمارک دەستیپێکردووە کە هەفتانە حەوت گەشتی راستەوخۆیە بۆ شارەکانی دۆسڵدۆرف، فرانکفۆرت، بەرلین، میونخ لە ئەڵمانیا و کۆپنهاگن لە دانیمارک.
   
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە، لە 1945 دامەزراوە. 
 
مانگی رابردوو ( تشرینی یەکەمی 2023)، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، هەزار و 382 گەشتی راستەوخۆی کردووە، لەو رێگەیەوە 197 هەزار و 72 گەشتیاری گواستووەتەوە لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵات. 
 
هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپان. نرخی تکتی چوون و گەڕانەوە لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆ عەممان نزیکەی 450 هەزار دینارە.
 
عیماد ئەسەدی، بەڕێوەبەری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت کە رۆژی 15-2-2023 لە بەرنامەی نوڕۆژ لە تۆڕی میدیایی رووداو پەخشکرا، رایگەیاند، "هێڵی ئاسمانیی عێراقییە قەدەخەی گەشتی کایەی ئاسمانیی ئەوروپای لەسەرە و بڕوانامەی بەکارهێنانی وڵاتی سێیەم (تی سی ئۆ)ـی نییە. ئێستا لە ئەنجامی هەوڵی بەردەوام و سووربوونی حکومەت و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی و هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، سەرجەم تێبینی و راسپاردەکان وەردەگرین کە لەلایەن رێکخراوی (ئییاسا) بۆ هێڵی ئاسمانی عێراقییە دەستنیشانی کردوون."
 
ئەسەدی  گوتیشی، "هیوادارین جێبەجێکردنی کۆی ئەو مەرجانەی سەپێندراون، ببنە مایەی هەڵگرتن و هەڵوەشاندنەوەی قەدەخە و نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم هێڵی ئاسمانیی عێراقییە و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە